لەبارەی دەسپێکردنەوەی پێدانی قەرزی بچووک بڕیارێک دەردەچێت
لەمبارەوە ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند: "ڕێنوێنییەکانی دەستپێکردنەوەمان بە قەزری بچووک تەواو کردووە و ئەوەی کە ماوەتەوە ڕەزامەندیی ئەنجوەمەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە لەسەر دەستپێکردنەوەی پێدانی قەرزەکە کە کاریگەرییەکی باشی لە کەمکردنەوەی بێکاریی گەنجاندا دەبێت".
گوتیشی: "ماوەیەکە دەستمان کردووەتەوە بە وەرگرتنەوەی قیستی قەرزەکە کە پێشووتر بە ھاووڵاتیانمان داوە، بەڵام کێشەیەکمان دێتە ڕێ و زۆرێک لەوانەی بوونەتە کەفیلی ئەوانەی قەرزەکەیان وەرگرتووە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، یان چوونەتە دەرەوەی وڵات و ئەوەش وا دەکات ئەوەی قەرزەکەی وەرگرتووە ئەوە بکاتە دەرفەت و قیستەکە نەگەڕێنێتەوە".
ئاریان ئەحمەد باسی لەوەش کرد: "وەزارەتەکەمان بڕیاری داوە لەمەودا مۆڵەتی خوێندن نەدرێتە ئەو کەسانەی بوونەتە کەفیلی ئەوانەی قەرزی بچووکیان وەرگرتووە، یان لە داھاتوودا بەنیازن ببنە کەفیلی وەرگرتنی ئەو قەرزە بۆ ئەو مەبەستە حکوومەتیش ڕەزامەندیی لەسەر ئەو داوایەمان داوە".
باسنيوز
