10کەس لە سەرنشینانی فڕۆکەکەی تاران کوردن

10کەس لە سەرنشینانی فڕۆکەکەی تاران کوردن
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران 10 کەس لەو 180 سەرنشینەی کە ئەمڕۆ لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوە فڕۆکەیەکی ئۆکرانیا لە تاران کەوتە خوارەوە، کورد و خەڵکی شارەکانی مەهاباو سەقز و کرماشانن.

لەمبارەوە ماڵپەڕی خۆجێی (هاژە) لە مەهاباد بڵاوی کردووەتەوە، پێنج کەس لەو 180 کەسە کورد و خەڵکی مەهابادن و دانیشتووی کەنەدا بوون کە ناوەکانیان بریتییە لە: " 1. فاتمه (سروه) پساوەند، ئایشێ (سنوور) پورقادری، ئەوین ئەرسەلانی، هیوا مەولانی و کوردیا مەولانی و هاوکات سێ کەس خەڵکی سەقز و دوو کەسیش خەڵکی کرماشان لەناو ئەو فڕۆکەیەدا بوون کە دانیشتووی کەنەدا بوون".

هەرچەند میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە 140 کەس لە سەرنشینە کوژراوەکان، هاووڵاتیی ئێرانین، بەڵام چەند سەرچاوەی دیکەش هەواڵی دژ بەو زانیاریانەی ئێرانیان بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان کە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئاشکرای کردووە، لەکۆی سەرنشینە کوژراوەکان،٨٣ کەسیان ئێرانی، ٦٣ کەسیان کەنەدی و ١١ ئۆکرانی، ١٠ سویدی و چوار ئەفغانی و سێ ئەڵمانی و سێ کەسیان بەریتانی بوون.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران کاتژمێر 6:12 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکەکەیەکی نەفەرهەڵگری سەر بە ئۆکرانیا پاش هەستان لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە نزیک تاران، بەهۆی گرفتی تەکنیکی کەوتووەتە خوارەوە و 180 سەرنشینەکەی کوژراون.













باسنيوز

Top