قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو ماوەی زیاتر لە دوو مانگە هەڵاتووە

قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو ماوەی زیاتر لە دوو مانگە هەڵاتووە
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو هەڵاتووە و بە چەندین دۆسیەی گەندەڵی تۆمەتبارە.

سەرچاوەیەك لەناو قایمقامیەتی خورماتوو كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكەین، ئەمڕۆ سێشەممە 7/1/2019 ڕايگەیاند، زیاتر لە دوو مانگە حەسەن زەینئەلعابدین، قایمقامی سەپێندراوی خورماتوو بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە و نەگەڕاوەتەوە سەر كارەكەی.

ئاشكراشی كرد، قایمقامی خورماتوو چەندین دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە و دەستەی نەزاهەی عێراقیش گەندەڵییەكانی ئاشكرا كردووە و ئێستاش لەلایەن دادگاوە داوا كراوە.

لەم بارەیەوە، عیماد جەمیل، سكرتێری قایمقامیەتی خورماتوو ڕايگەیاند، تاكوو ئێستا قایمقامی خورماتوو نەگەڕاوەتەوە سەر كارەكەی و ئەو مۆڵەتی وەرگرتبوو.

گوتیشی: "لە شوێنەكەی ئێستا (تالیب محەمەد) بەڕێوەبەری ناحیەی سلێمان بەگ بە شێوەی وەكالەت كارەكانی قایمقامیەتی خورماتوو ڕایی دەكات".

خورماتوو شارێكی كوردستانییە و دەكەوێتە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین و لەڕێگەی نێوان كەركووك-بەغدایە و لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری كورد، میلشیاكانی حەشدی شەعبی داگیریان كرد و هەزاران كوردی ئەو شارە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و پاشان قایمقامی شارەكە كە كوردێك بوو تاكوو ئێستا ئاوارەیە لە هەرێمی كوردستان و ئینجا میلیشاكانی حەشدی توركمانی قایمقامێكی سەپێندراوی سەر بەخۆیان دانا و ئێستا ئەویش لە چەندین دۆسیەدا ئاشكرا كراوە كە گەندەڵی كردووە و زیاتر لە دوو مانگیشە هەڵاتووە و چارەنووسی نادیارە.













باسنيوز
Top