سەرۆكایەتی شارەوانیی ئیستانبۆڵ: لە گرێبەستی گەرووی ئیستانبۆڵ كشاینەوە

سەرۆكایەتی شارەوانیی ئیستانبۆڵ: لە گرێبەستی گەرووی ئیستانبۆڵ كشاینەوە
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، چەندین جار دووپاتی كردووەتەوە كەناڵ ئیستانبۆڵ جێبەجێ دەكەن و هەموو لایەنە تەكنیكییەكەشی كۆتایی پێهاتووە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی توركیا و سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، بە توندی دژی ئەو پڕۆژەیە وەستاونەتەوە و گوتیان بەو پڕۆژەیە ئیستانبۆڵ لەناو دەچێت.

ئەگەرچی حكوومەت كاركردنی لە پڕۆژەی كەناڵ ئیستانبۆڵ دەست پێ كردووە، بەڵام موراد ئۆنگوون گوتەبێژی شارەوانیی ئیستانبۆڵ لە پێگەی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، وەكوو شارەوانی ئستانبۆڵ لە ئەنجامدانی پڕۆژەی كەناڵ ئیستانبۆڵ كشاونەتەوە، واتە پڕۆژەكە راگیراوە و ئەنجام نادرێت.

موراد ئۆنگوون ئەو پۆستەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بە زمانی عەرەبی بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش داوە كە با قەتەرییەكان بزانن پڕۆژەكە راگیراوە، چونكە وەكوو ئەوەی ئۆپۆزسیۆن ئیدعای بۆ دەكات، بەشێكی زۆری زەوییەکانی كەناڵ ئیستانبۆڵ بووتە موڵكی قەتەرییەكان، بۆیە ئەگەر پڕۆژەكە جێبەجێ نەكرێت، زیان بەر قەتەرییەكان دەكەوێت.

بە گوێرەی زانیارییەكان پڕۆژەی گەرووی ئیستانبۆڵ ٧٤ ملیار لیرەی توركی تێدەچێت و دوای تەواوبوونی نزیكەی یەك ملیۆن مرۆڤیش دەتوانن لەو شوێنە بژین.













باسنيوز


Top