بانکی ناوەندی: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە
عابد ساڵح، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق راگەیاند، بەشێکی زۆری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەیوەندی بە بارودۆخی عێراقەوە هەیە، بەتایبەت بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزەبیانییەکان و گوتیشی، لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخەکە نرخی دۆلار جێگیر دەبێتەوە و 100 دۆلار لە نزیک 120 هەزار دینار جێگردەبێت.
بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەیوەندی بەوەوە هەبوو ئەم چەند رۆژەی رابردوو پشوو بووە و بانکی ناوەندی دۆلاری نەخستووەتە بازاڕەوە، لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دەوام بڕی پێویست دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە و کاریگەری گەورەی لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار دەبێت.
لەدوای دەنگدان بە کردنەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە پەرلەمانی عێراق و تویتێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نرخی 100 دۆلار بۆ نزیکەی 122 هەزار و 900 دینار بەرزبووەوە و ئێستا 100 دۆلار بە 122 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
