نووسەرانی توركیا رەخنە لە سیاسەتی توركیا بەرانبەر بە لیبیا دەگرن

نووسەرانی توركیا رەخنە لە سیاسەتی توركیا بەرانبەر بە لیبیا دەگرن
ئایدن سێزەر شارەزای سیاسەتی ڕووسیا، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (T24)ی توركی، پێی وایە توركیا لەبری ئەوەی هێز بنێریت بۆ لیبیا، دەبوا لە نێوان هێزەكانی خەلیفە حەفتەر و حكوومەتی لیبیا نێوەندگیریی بكردایە، چونكە ناردنی هێز لە بەرژەوەندیی توركیادا نییە.

هاوکات سێدات ئێرگین، نووسەری دیاری رۆژنامەی (حوڕیەت)ی توركی، لە وتارێكدا هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتی توركیا بەرانبەر بە لیبیا كردووە.

ئەو نووسەرە پێی وایە، ستراتیژییەتی نێوان توركیا و ڕووسیا بە ناردنی هێزی توركیا بۆ لیبیا تێك دەچێت، هەروەها رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی توركیا و ڕووسیا ناكۆكی بكەوێتە نێوانیانەوە.

ماڵپەڕی (Svobodnaya)ی ڕووسیش لەبارەی ناردنی هێز بۆ لیبیا، رەخنەی لە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا گرتووە.

ماڵپەڕی ناوبراو پێی وایە كە ئەردۆغان دەیەوێت هەمان سیاسەتی پۆتین لە سووریا دووبارە بكاتەوە، واتە دەیەوێت لە لیبیا بۆ خۆی ببێتە حاكم و ئیدی هەموو پرسێك لەبارەی لیبیاوە بەو بكرێت، وەك چۆن ئێستا ڕووسیا لە سووریا هەمان رۆڵ دەگێڕێت.

بەهۆی ئەوەی حكوومەتی شەرعیی لیبیا رێگەی بە توركیا داوە هێز بنێرێتە لیبیا بۆ پارستنی تەرابلووس و ناوچەكانی تر لە هێزەكانی حەفتەر، بۆیە ئەردۆغان دەڵێت ئێمە پێشێلی خاكی هیچ وڵاتێك ناكەین، تەنیا لەسەر داوای حكوومەتی شەرعی لیبیا، پارێزگارییان لێ دەكەین.

دوای بڕیاری پەرلەمانی تورکیا بە ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا، سوپای میللیی لیبیا بە ڕێبەریی خەڵیفە حەفتەر دژی ئەو بڕیارەی تورکیا وەستاونەتەوە و بە هێزی داگیرکەر ناویان بردووە و بڕیاری جیهادیان دژی تورکیا داوە.














باسنيوز
Top