ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە

ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە
بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ڕای گەیاند، ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان زیاتر لە نیوەی دابەزیوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە دەست دەكەن بە عەمباركردنی ئاو لە بەنداوەكە.

حەمەتاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ڕايگەیاند: "بەنداوی دووكان كە ساڵی ڕابردوو بەتەواوەتی پڕ بوو و حەوت ملیار مەتر سێجا ئاومان تێدا كۆ كردەوە، بەهۆی زۆر بەردانەوەی و بەكارهێنانی بۆ خواردنەوە و بەرهەمهێنانی كارەبا ئێستا سێ‌ ملیار و 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە، بەو پێیە بۆ زیاتر لە نیوەی ئاوەكە بەكار هێندراوە".

بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆ لە سنوورەكەمان نزیكەی 450 میلیمەتر باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تەنها 150 ملیمەتر باریوە، بۆیە نەتوانراوە وەك پێویست ئاو خەزن بكرێت و بەرنامەمان هەیە لە ئەمڕۆوە ئاو كۆ بكەینەوە و بەردانەوەی ئاوەكە بەپێی پێویست كەم بكەینەوە".

بەنداوی دووكان لە كۆتایی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن دوو كۆمپانیای فەڕەنسی و بریتانییەوە دروست كراوە كە بۆ كشتوكاڵ و گەشتیاری و بەخێوكردنی ماسی و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا سوودی لێ وەردەگیردرێت.












باسنيوز
Top