پردی گوێڕ دوای پێنج ساڵ لە داخستنی بە شێوەی کاتی كرایەوە
پردی گوێڕ كە درێژترین پردی عێراقە بەهۆی هێرش و پەلامای چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و دوای پێنج ساڵ لە داخستنی، بە ڕووی هاتووچۆی هاووڵاتیاندا كرایەوە.
مەسعوود نووری، بەرێوەبەری شارەدێی گوێڕ، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەهۆی هێرشی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 بۆ سەر كوردستان، پردی گوێڕ زەرەر و زیانێكی زۆری بەر كەوت و بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە جۆری هەمەڕ لەسەر پردەكە و بەركەوتنی چەندین گوللە كاتیۆشا، ئەمە بووە هۆی رووخانی بەشێكی پردە و پچڕانی لە ناوەڕاستەوە، بەڵام كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی ناوچەكەیان دەست پێ كرد پردەكە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە شێوەیەكی كاتی بۆ پەڕینەوەی ئەو هێزانە چاك كرایەوە".
روونیشی كردەوە: "پردی گوێڕ گەورەترین پردی عێراقە كە درێژییەكەی 1350 مەترە و پارێزگای مووسڵ بە هەرێمی كوردستان و تەواوی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەبەستێەوە، بۆیە گرنگییەكی زۆری هەیە و كارئاسانی زۆر دەكات بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان لە نێوان هەرێمی کورستان و عێراقدا".
بەرێوەبەری شارەدێی گوێڕ، ئەوەشی خستە ڕوو: "دوای هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆر و گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و كارگێڕیی مووسڵ، بڕیاری كردنەوەی پردەكە درا و ئێستا كراوەیە و تەنیا بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بچووكە، چونكە بە شێوەیەكی كاتی چاك كراوە و بەرگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ناگرێت".
ئاماژەی بەوەش كرد" لە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی مووسڵ و بەتایبەت پارێزگار بەردەوامن بۆ تەرخانكردنی بودجەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی پردەكە كە بەپێی تەخمین بڕی 5 ملیار دیناری پێویستە".
باسنيوز
