زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار بۆ سەری ساڵ هاتوونەتە هەولێر

زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار بۆ سەری ساڵ هاتوونەتە هەولێر
بەبۆنەی ساڵی نوێی 2020ـەوە گەشتیاران روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێری پایتەخت کردووە. قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، رایگەیاند، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر.

نەبەز ئیسماعیل، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر راگەیاند "بەبۆنەی سەری ساڵی نێوێی 2020ـەوە زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ هاتوونەتە هەولێر. بەشێکی کەمیان لە وڵاتانی دراوسێوە هاتوون و بەشی زۆریان گەشتیاری بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقن."

ساڵانە لەکاتی هاتنی سەری ساڵی نوێدا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن کە زۆربەیان خەڵکی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن.

زۆربەی شەقامە سەرەکی و شوێنە گشتییەکانی هەولێر لە ساڵانی پێشوو رازاوەترن و هێمای نوێبوونەوەی ساڵیان زیاتر پێوە دیارە. قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێت کە بۆ پاراستنی لایەنی ئەمنی و ئاسانکاریی هاتووچۆ لە رۆژانی سەری ساڵ، هەموو ئامادەکارییەکان کراون.

لەساڵی 2018دا بەگشتی سێ ملیۆن و 50 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان. بەپێی بەرنامەی دانراوی گەشتوگوزاریش ئامانج ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بگەیەنرێتە سێ ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار.

لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 625 هۆتێل، 360 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، هەزار و 850 چێشتخانە و قاوەخانە و زیاتر لە 70 هەزار شوێنی نووستن هەن.
Top