زیاتر لە 121 هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دانراون
ئەندازیار یاسین حەسەن، بەڕێوەبەری پلانی تۆڕی زیرەکی کارەبا راگەیاند "کارکردن لە تۆڕی زیرەکی کارەبا خێراتر بووە و مانگانە پلانی دانانی پێوەری زیرەک زیاتر دەکەین".
بەڕێوەبەری پلانی تۆڕی زیرەکی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، تۆڕی زیرەک تەنیا دانانی پێوەر نییە، بەڵکو کاری دیکە هەیە کە دەبێت بۆ تۆڕەکە بکرێت، ئەوانیش بەگەڕخستنی سۆفتوێر و سیستەمی گەیاندنی تۆڕەکەن و پێکەوە کار لەسەر هەرسێ بەشی پرۆژەکە دەکرێت.
یاسین حەسەن جەختی لەوە کردەوە، تۆڕی زیرەک پرۆژەیەکی ستراتیجیی وەزارەتی کارەبایە و دەبێت لە ماوەی 18 مانگ تەواوبکرێت و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 دەخایەنێت، بەڵام بەهۆی زیادبوونی بەشداربووانی کارەبا لەوانەیە چەند مانگێک وادەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە درێژبکرێتەوە.
بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری پرۆژەکە، دەبێت یەک ملیۆن و 500 هەزار پێوەر بۆ هاوبەشانی کارەبا دابنرێن و بەڕێوەبەری پلانی تۆڕی زیرەکی کارەباش دەڵێت، دانانی پێوەری بەکارهێنان کارەبا کۆنترۆڵ دەکات و حکومەت و هاونیشتمانیان سوودمەندی سەرەکی پرۆژەکە دەبن و تەنیا ئەوانە زیان دەکەن کە کارەبایان بە نایاسایی راکێشاوە.
