سێ کەس بەهۆی پەتای وەرزیی H1N1 لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای وەرزییH1N1 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە شاری هەولێر رایگەیاند، سێ نەخۆشی هەڵگریی ڤایرۆسی 1H1N کە دووانیان خەڵکی موسڵ و شرگات و نەخۆشێکی دیکەیان خەڵکی سووریا بووە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بەهۆی ئەوەی بەتووندی توشی ئەنفلۆنزابووبوون گیانیان لەدەستداوە.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەکرد، 20 حاڵەتی ئەنفلۆنزای وەرزی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و ژمارەیەک لە توWشبووەکان چارەسەرکراون و بەشێکی دیکەیان لە ژێر چاودێری پزیشکی ماونەتەوە، بەڵام هیچ هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو پەتایە گیانی لەدەستنەداوە.
سامان بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە، ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە و "لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تیم و لیژنەی تایبەتمان پێکهێناوە و دەرمانی تەواو لە بەردەستدایە" .
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رێنماییەکانی خۆی لەبارەی خۆپاراستن لە ئەنفلەوەنزای وەرزی بڵاوکردووەتەوە.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا لەبارەی ئەنفلەوەنزای وەرزی دەڵێت، ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا سێ جۆری جیاوازی A,B و C هەیە، تەنیا جۆری A و B تووشی مرۆڤ دەبن، لەڕێگەی دڵۆپەکانی هەواوە بەهۆی کۆکە و پژمین دەگوازرێنەوە.
تووشبووانی ئەنفلەوەنزای وەرزی تووشی هەوکردنێكی لەناکاوی کۆئەندامی هەناسە دەبن، رەنگە هەوکردنێكی بێ نیشانەبێت و سادەبێت، هەندێكجاریش هێندە مەترسیدار و تووندە کە رەنگە ببێتەهۆی مردن.
