حزبی شیوعی: لە سلێمانی بە بیانووی ڕێکخستنەوەی بازاڕ سەر لە خەڵکی ھەژار تێکدرا
کۆمیتەی پارێزگای سلێمانیی حزبی شیوعی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ ٢٨/١٢/٢٠١٩ بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی خۆجێی شاری سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان، بە بیانووی ڕێکخستنەوەی بازاڕ و جوانکردن و بنەبڕکردنی زیادەڕەوییەکان، سەریان لە دەیان کەسی ھەژار و کەمدەرامەت تێکدا، شوێنی کار و پەیداکردنی قوتی ژیان و ماڵ و منداڵ و خانەوادەکانیان، شێواند، بەم بیانووە جگە لە ڕێگە نەدان بە کارکردن، ھاوکات ئەوەی دایاننابوو بۆ فرۆشتنیش لە ناوبران".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە"ئێمە لە کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر تێکدانی ئەو شوێنانە و ڕێگەنەدان بەکارکردنی خەڵکانێک کە دەیانەوێ سەربەرزانە و بە ھێز و بازووی خۆیان، نان و قوتی منداڵەکانیان دابین بکەن، ئامانجیانە ماف و کەرامەتیان پارێزراوبێت و ئەگەر بە پەیداکردنی بڕێکی کەمی خەرجی ڕۆژانەی خانەوادەکانیشیان بێت، ململانێی ژیان بکەن و چۆک دانەدەن."
کۆمیتەی پارێزگای سلێمانیی حزبی شیوعی جەخت لەوە دەکاتەوە "ئێمە لەگەڵ ڕێکخستنی بازاڕ و شۆستە و کۆی بنەبڕکردنی ئەو زیادەڕەویانەین، کە شارەکانیان ناشرین کردووە و ڕێگرن لە پیادەڕەو یان ھەر زیادەڕۆووییەک کە لەلایەن ھەرکەس و لایەنێکەوە کرابێتە سەر موڵکی گشتی، بەڵام ڕێکخستی بازاڕ و لابردنی زیادە ڕۆییەکانیش، ناکرێت لەسەر حسابی خەڵکی فەقیر و ھەژار بێت، لەسەر حسابی شکاندنی شکۆی ئەو کەس و خانەوادانە بێت، کە لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا داوای دەنگ و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیان لێدەکەن، بەڵێنی دواڕۆژێکی ژیانی شایستەیان پێ دەدەن و لە ئێستاشدا بەو جۆرە ڕێگرییان لێ بکرێت".
حیزبی شیوعی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوای کردووە"پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان شوێنی گونجاو بۆ کەسانی دەستگێڕ و میوەفرۆش و کاسبکاران دابین بکەن و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکەنەوە، ئەگەر توانای دابینکردنی ژیان و قوتی خەڵکتان نییە، ناتوانن شوێنی گونجاو دابین بکەن، لێگەڕێن خەڵک خۆی ژیانی خۆی شەرەفمەندانە دابین بکات".
باسنيوز
