بەرپرسێكی باڵای لیبیا: بە فەرمی داوامان لە توركیا كردوە هێزمان بۆ بنێرێت
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی لیبیا بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی ویفاق، کەفائیز سەراج سەرۆکایەتی دەکات، ترسی هەیە سوپای نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حەفتەر، هێرش بکاتە سەر تەڕابلوسی پایتەخت.
رۆیتەرز بەبێ ناوهێنانی بەرپرسە باڵاکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە فەتحی باشئاغای وەزیری ناوخۆی لیبیا بە فەرمی داوای لە تورکیا کردووە هێزی سەربازی بۆ بەرگرتن بە هێرشەکانی سوپای نیشتمانی، بۆ حکوومەتی ویفاقی لیبیا بنێرێت.
پێشتر رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردەوە، کە تورکیا گرووپی لیوای سوڵتان موراد، کە چەکدارەکانی تورکمانی سوورین و ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی سووریان، بۆ پاڵپشتیی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، دەنێرێتە ئەو وڵاتە.
تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات و لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەڕێوە دەبرێت، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.
وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.
باسنيوز
