چەکدارانی داعش لەنێوان تکریت و کەرکووک تەقە لە ئۆتۆمبێلێک دەکەن و کوژراو و بریندار هەیە
سەید عەلی حوسێنی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ دەورووبەری کاژێر 19:00، ژمارەیەک چەکدار لەرێگەی نێوان تکریت-کەرکووک و نزیک لە کارگەی گەچەکە بۆسەیان داناوە و تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە".
شانەی راگەیاندنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەڵێت لە رووداوەکەدا کەسێک کوژراوە و دوو کەسیش بریندارن، بەڵام سەید عەلی حوسێنی دەڵێت "سێ کەس کوژراون کە سەر بە یەک خێزانن". هەروەها گوتی: "گومان دەکرێ چەکدارەکان سەر بەداعش بووبن. ئەو شوێنەی رووداوەکەی تێدا روویداوە دوورە و لەسنوری پارێزگای سەلاحەدینە".
لەلایەکی دیکەشەوە جەمال عگاب، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای سەلاحەدین راگەیاند "رووداوەکە لە ناوچەیەكی چیای حەمرین لە نێوان پارێزگای كەركووك و سەلاحەدین روویداوە، كە ناوچەیەكی سنووری نێوان هەردوو پارێزگایە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری مارسیدس كە 4 كەسی تێدابووەو سەربە حەشدی قەزای بێجی بوونە لەكاتی تێپەڕبوونیان لە ناوچەكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستڕێژی گوللـەیان لێكراوەو لە ئەنجامدا 2 كەسیان كوژراون و 2 شیان بریندابوونە".
هەروەها گوتی "دەستبەجێ هێزە ئەمنییەكان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكەو كوژراو و بریندارەكانیان گواستوونەتەوە نەخۆشخانە، دواتر تەرمی كوژراوەكانیان رادەستی كەسوكاریان كردوونەتەوەو بریندارەكانیش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن".
لە چەند مانگی رابردوو جموجۆڵی شانە نووستووەکانی داعش لە سنووری ناوچە جێناکۆکەکاندا زیادی کردووە. شەوانە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک دەبنە گۆڕەپانی چالاکییەکانی داعش و بە رۆژیش بۆ خەڵکەکەی چۆڵیدەکەن.
