رۆژنامەی حوڕیەت: لە ئیدلیب كارەساتێكی گەورەی مرۆیی بەرپا بووە
سێدات ئێرگین، نووسەری دیاری رۆژنامەی (حوڕیەت)ی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی١٢ی٢٠١٩ بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە، كە زانیارییەكانی لە نەتەوە یەكگرتووەكان وەرگرتووە، ئاشكرای دەكات كە لەوەتەی شەڕ لە ئیدلیب دەستی پێ كردووە لە ماوەی هەفتەیەكدا، كارەساتی مرۆیی زۆر گەورە بەرپا بووە و چاوەڕوان دەكرێت كارەساتەكە گەورەتر بێت.
ئەو نووسەرە دەنووسێت: "ئەو كەسانەی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە لەبەر شەڕ، هیچ شوێنێكیان نییە رووی تێ بكەن، ئەوان لەسەر شەقام ماونەتەوە و لەبەر برسیەتی و بێجێیی ژیانیان لە مەترسیدایە. ساڵی پار كاتێك ئیدلیبییەكان شارەكەیان لەبەر شەڕ بەجێ هێشت، دەچوونە ژێر دار زەیتوونەكان و لەوێ دەگیرسانەوە، بەڵام ئێستا لەبەر سەرما و باران دار زەیتوونیش بە هانایانەوە ناچێت".
ئێرگین لە درێژەی وتارەكەیدا دەڵێت سەرەتا دەبێ شوێن بۆ ئەو ئاوارانە بدۆزرێتەوە، پاشان خواردن و خواردنەوە، چونكە ماوەیەكی زۆرە ئەو خەڵكە نانیان نەخواردووە و نەنوستوون.
باسنيوز
