باکووری کوردستان.. حەوت کۆچبەری ئەفغانی لە ئاودا خنکان

باکووری کوردستان.. حەوت کۆچبەری ئەفغانی لە ئاودا خنکان
میدیایەکی فەرمیی تورکیا لەزاری سەرچاوەیەکی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان ئاشکرای کردووە، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێک لە گۆلی وان، حەوت کۆچبەری ئەفغانی خنکاون.

ئاژانسی (ئەنەدۆڵوو) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە لەو ڕووداوەدا کە دوێنێ چوارشەممە ڕووی داوە، حەوت کۆچبەری ئەفغانی لە ئاوادا خنکاون داوە و 64 کەسی دیکەش لە خنکان ڕزگاریان بووە.

هەمان سەرچاوە ئاشکرای کردووە، ئەوانەی ڕزگاریان بووە کۆچبەرانی وڵاتانی "پاکستان، ئەفغانستان و بەنگلادش" بوون و بۆ ناوەندە تەندروستییەکانی "عادلجواز، ئەحلات و تاتوان"ی پارێزگای بتلیس گوازراونەتەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن هەوڵدان بۆ ڕزگاکردنی گیانی چەندان کۆچبەری دیکە لەلایەن هێزی ئەمنی و تیمی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکان (AFAD) بەردەوامە و لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دادوەری لەبارەی هۆکاری ئەو ڕووداوە دەستی پێ کردووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی سیاسی، ناوخۆیی و سەربازی و بێکاری لە ئەفغانستان، زۆرێک لە خەڵکی ئەو وڵاتە و بەتایبەت گەنجان ڕێگای کۆچیان گرتووەتەوە بەر و لە تورکیاش بە دەیان کەسیان لە ئاوەکاندا خنکاون.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ئاوەکانی تورکیا و دەیان کۆچبەری نایاسایی بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەوە خنکاون و سەدان کەسی دیکەش دەستگیر کراون و ئەوم ڕووداوانەش دوای ئەوە هات کە ماوەی سێ ساڵە تورکیا سنوورەکانی بەسەر کۆچبەراندا داخستووە.














باسنيوز
Top