ئێران و چین و ڕووسیا مانۆڕی سەربازیی هاوبەش بەڕێوە دەبەن

 ئێران و چین و ڕووسیا مانۆڕی سەربازیی هاوبەش بەڕێوە دەبەن


گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاشکرای کردووە، سێ وڵاتی ئێران، چین و ڕووسیا لە ئاوەکانی باکووری زەریای هیند و دەریای عەمان مانۆڕی هاوبەشی سەربازیی بەڕێوە دەبەن.

ئەو مانۆڕە سەربازییە کەلە ڕۆژی هەینییەوە دەست پێدەکات، چوار ڕۆژ دەخایەنێت و ئەمە یەکەمین مانۆڕی هاوبەشی هەر سێ وڵاتە کە لە ئاوەکانی باکووری زەریای هیند و دەریای عەمان بەڕێوە دەچێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ئەسیەوشیەیتێدپرێس) پاش توندتربوونی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتە بەتەمای پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکانییە لەگەڵ چین و ڕووسیا. لەم پەیوەندییەدا مانۆڕت کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانی چین و ڕووسیا لە بەندەر و دوورگە باشوورییەکانی ئێران زیاتر بووە.

لەمبارەوە ئەبوولفەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتی: "زەریای هیند و دەریای عەمان لە ناوچە ستراتیجییە بازرگانییەکانی جیهان دێنە ئەژمار و زۆرێک لە وڵاتان تێیدا هاتوچۆ دەکەن، بۆیە سەقامگیری و ئەمنیەت لەم ناوچەیە زۆر گرنگە".

بانگەشەی ئەوەشی کردووە: "ئێران بەردەوام ئەوەی سەلماندووە لەڕاستای ئاسایشی ڕێگە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت لە ئاوەکانی هیند و دەریای عەمان بەردەوام هەوڵی داوە".

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە حاڵێکدا ئەو قسانەی کردووە کە پاش هێرش بۆ سەر چەند نەوتهەڵگر و کەشتیی بازرگانی لە کەنداو و دەریای عەمان لە بەهاری ئەمساڵ، ئەمریکا و سعوودیە ئێرانیان بە دەستێدابوون لەو هێرشانە تاوانبار کرد و لە بەرانبەردا تارانیش ئەو قسانەی بە تۆمەت داناوە و ڕەتیان دەکاتەوە.

پاش ئەو هێرشانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دابینکردنی ئەمنیەتی هاتوچۆی کەشتی و نەوتهەڵگرەکان لە ئاوەکانی باشووری ئێران، هاوپەیمانێتییەکی پێک هێناوە کە وڵاتانی وەک: "سعوودیە، ئیمارات، کوێت، بەحرێن، قەتەر، بەریتانیا، ئەلبانیا و ئوسترالیا" تێیدا ئەندامن.

جیا لە ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپیش هاوپەیمانێتییەکیان بۆ دابنیکردنی ئەمنیەتی هاتوچۆی کەشتییەکان لە کەنداو پێکهێناوە.






باسنيوز
Top