گەشتوگوزار: ناتوانین پێشبینیی ژمارەی گەشتیاران بکەین
نادر روستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار راگەیاند "لەبەرئەوەی بەهۆی خۆپیشاندانەوە بارودۆخی عێراق لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە، هاتنی زۆربەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوەیە. بۆیە ناتوانین بۆ سەری ساڵ پێشبینیی هاتنی ژمارەیەکی دیاریکراوی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بکەين".
ساڵانە لەکاتی هاتنی سەری ساڵی نوێدا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان دەکرد کە زۆربەیان خەڵکی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوون.
نادر روستی ئاماژەی بەوە کرد "هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکاندا هەیە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار راسپێردراون کە بۆ وەرزی زستان و سەری ساڵی تازە ئامادەکاری بکەن و شوێنەکان بڕازێندرێنەوە و ئەو کارانە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەندێك پەیامی بازرگانیمان هەیە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەستیان بە بانگەشەی بازرگانی کردووە. بۆ وەرزی زستان ئامانجمانە چەند کۆمەڵەیەکی زستانە بۆ گەشتیاریی زستانە و سەرکێشی ئامادەبکەین".
ساڵانی رابردوو لەبەرئەوەی رەوشی عێراق و ئێران سەقامگیربوو، گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەوە روویان لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئاڵۆزیی رەوشی ئەو دوو وڵاتەوە، واپێدەچێت ژمارەی گەشتیاران زیادبوون بەخۆیەوە نەبینێت.
نادر روستی، باسی لەوەش کرد "لەساڵی 2018دا بەگشتی سێ ملیۆن و 50 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. بەپێی بەرنامەی دانراویش ئامانج ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بگەیەنرێتە سێ ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار".
لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 625 هۆتێل، 360 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، هەزار و 850 چێشتخانە و قاوەخانە و زیاتر لە 70 هەزار شوێنی نووستن هەن.
