خەسرۆ گۆران: یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان لە قازانجی حزبە گەورەکانە

خەسرۆ گۆران: یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان لە قازانجی حزبە گەورەکانە
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، یاسای نوێی هەڵبژاردن کە دوێنێ سێشەممە ٢٤ی ١٢ی ٢٠١٩ لە پەرلەامنی عێراق دەرکرا، لە قازانجی حزبە گەورەکان و زەرەری حزبە بچووکەکانە.

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رايگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئەوەی ڕێژەی یاسایی ھەبوو، پرۆژەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن تێپەڕی، بەڵام ”ئەگەر شتێکمان بە دڵ نەبێت، سكاڵا تۆمار دەکەین، جاری پێشوو کە یاساکە پەسەند کرا، سکاڵامان تۆمار کرد و بردیشمانەوە، ئێستاش ھەر لایەنێك ڕازی نییە، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە بۆ کورد واباشترە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا یەک بازنە هەبێت هەروەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەم جۆرە دەنگی کورد نافەوتێت.

باسیشی لەوە کرد کە بەپێی یاساکە، خەڵکی قەزایەکی دیاریکراو تەنیا دەتوانن دەنگ بە کاندیدەکانی خۆیان بدەن، بۆیە ”ئەم یاسایە باشی و خراپیشی هەیە، باشییەکەی ئەوەیە کە کاندیدی قەزایەکی دیکە ناتوانێت دەنگی قەزایەکی دیکە ببات، خراپییەکەشی ئەوەیە کە حزبە بچووکەکان چانسی بەدەستهێنانی کورسییان کەم دەبێت“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەم یاسایە ناوچەگەری "هەندێک" تۆخ دەکاتەوە و مەرکەزیەت لە عێراق لاواز دەکات، بەڵام بە گشتی ”حزبە گەورەکان لێی سوودمەند دەبن“.

لەبارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش، خەسرەو گۆران رای گەیاند: "پارتی لەگەڵ یەکهەڵوێستیی لیستە کوردستانییەکانە".













باسنيوز
Top