پۆلیسێكی كورد لە كێڵگەی نەوتی خەبازەی کەرکووک شەهید کرا
بەپێی زانیارییەکان لە کەرکووک، "شەوی ڕابردوو 24/12/2019 چەكدارانی تیرۆریستی داعش هێرشیان كردووەتە سەر كێڵگەی نەوتی خەبازە لە سنووری پارێزگای كەركووك و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا كارمەندێكی پۆلیسی پاسەوانی كێڵگەكە لەنەتەوەی كورد شەهید بووە و 2 كارمەندی دیكەش بریندار بوون".
بەپێی زانیارییەكان "شەهیدەكە ناوی (وەلید حەمید)ە و لەدایكبووی ساڵی 1971 ە و خەڵكی قەزای خورماتووە و ئێستا لە گەڕەكی "یەكی حوزەیران"ی كەركووك نیشتەجێیە".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەوتی باكوور، لە ڕاگەیەندراوێكدا، ڕای گەیاندووە "شەوی ڕابردوو 24/12/2019 یەكێك لە كارمەندانی فەوجی پۆلیسی نەوت و غازی باكوور لە كاتی پارێزگاریكردن لە كێڵگەی نەوتی خەبازە، بەدەستی گرووپە تیرۆریستییەكان شەهید بووە".
هاوکات جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقین پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: " دوێنێ سێشەممە ھێزێکی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر کێڵگەی نەوتیی "نەفتخانە" لە نزیک خانەقیندا گرتووە"
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "ھێزیکی زۆری حەشدی شەعبی ھێنراوەتە نەفتخانە و ئەم گرووپانە ھەر کەسە و ناوچەیەکی داگیر کردووە، بەتایبەت ناوچە نەوتییەکان و نەفتخانەش لەو چوارچێوەیەدا داگیر کراوە".
شێخ جەعفەر مستەفا ڕاشی گەیاند ئەو ھێزەی ھاتووەتە نەفتخانە سەر بە گرووپەکانی سوپای بەدر و سائیروون" و خزعەلین و مەرزەکانی مەندەلیشیان کۆنترۆڵ کردووە و دەستیشیان بەسەر نەفتخانەدا گرتووە".
باسنيوز
