سەرچاوەیەک: ئەمریکا دەستی بە دامەزراندنی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سووریا کرد

سەرچاوەیەک: ئەمریکا دەستی بە دامەزراندنی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سووریا کرد
سەرچاوەیەکی کوردی سووریا ئاشکرای کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزە خۆجێیی و نێودەوڵەتییەکان، دەستیان بە دامەزراندنی بناغەی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سووریا کردووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە ویلایەتە کە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ حزبە کوردییەکانی سووریا کۆ بووەتەوە و جەختی لە زەروورەتی یەکخستنی هەڵوێستەکان و ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژەیەکی هاوبەش کردووەتەوە.

باسیشی لەوە کرد کە واشنتۆن دەیەوێت پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە چوارچێوەیەکی سیاسی و سەربازیی یەکگرتوودا یەک بخات و هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فورات دروست بکرێت.

سەرچاوەکە پێی وایە کە بەم کارە، ئەمریکا دەتوانێت بڵێت کە کوردەکان لە سووریا دەپارێزێت و وەبەرهێنانی ئابووریش لە ناوچەکەدا بکات، وەبەرهێنانەکەش دەتوانرێت لە بواری غاز و نەوتدا بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، کۆمپانیای نەوتیی ئارامکۆی سعوودی لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، کۆمەڵێک سەربازی سعوودی گەیشتوونەتە کێڵگەی (عومەر)ی نەوتی لە سنووری دێرەزوور بۆ پاراستنی شارەزایانی سعوودی و میسڕی کە پێش هەفتەیەک بۆ شیاندنی کێڵگەکە و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمەکەی و ڕاهێنانی کارمەندانی، گەیشتبوونە ناوچەکە.

لەبارەی هەڵوێستی ڕژێمی سوریا لەسەر دامەزراندنی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەو سەرچاوە ڕای گەیاند: "عەلی مەملووک سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ڕژێمی سووریا، هەوڵی داوە لەگەڵ عەشایری ناوچەکە کۆ ببێتەوە و هەوڵی داوە ڕازییان بکات کە دژایەتیی ئەو پرۆژەیە بکەن، بەڵام ئەو هەوڵەی شکستی هێناو و هۆز و عەشیرەکان ڕایان گەیاندوووە کە ئێمە لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبین.

سەرچاوەکە جەختی کردووەتەوە: "ڕژێمی سووریا ئێستا لە بەرانبەر ئەو پرۆژەیەی ئەمریکا دەستەوەستانە، چونکە ئەمریکا لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە ڕێک کەوتووە و ئەو خەڵکەش دژایەتیی پرۆژەکەی ئەمریکا ناکەن".

هەڵوێستی تورکیا:

ئەو سەرچاوەیەیە گوتیشی: "ئەنقەرە بەو ڕێککەوتنە ڕزای نییە، بەڵام ئێستا لە بارودۆخێکی ناجێگیردا ماوەتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی تورکیا لەگەڵ لیبیا لەڕووی سەربازییەوە ڕێک کەوتووە، لە بەرانبەردا ڕووسیا لەمبارەوە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە".

لەبارەی ئەم پرسەوە ئەمریکا دەیهەوێ تورکیا بە دۆزینەوەی نەوت و غاز لە دەریای ناوەڕاست سەرقاڵ بکات، تاکوو لەگەڵ وڵاتانی میسر، قوبر، یۆنان و ئیسرائیل بکەوێتەوە کێشەوە و ئاگاری لە بارودۆخی سوووریا نەمێنێ.

هەمان سەرچاوە دەڵێت ئەو ناکۆکییانەی تورکیا لەگەڵ ئەو چوار دەوڵەتە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی تورکیا و لە ئەنجامدا دۆڕانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بۆیە ئێستا تورکیا هەوڵ دەدات بە ئاشکرا دژایەتیی پرۆژەکەی ڕۆژهەڵاتی فورات نەکات، بەڵام بەو مەرجەی لەناو سووریا پێگەی پارێزراو بێت و ئەو حکوومەتەی دادەمەرزێت پەیوەندیی بە پەکەکەوە نەبێت.

لە بارەی هەڵوێستی ڕژێمی سووریا بەرامبەر بە دروستکردنی هەرێمەکە، ئەو بەپێی زانیارییەکان، رۆژی هەینی 20-12-2019، ژمارەیەک سەربازی سعوودی گەیشتوونەتە سەربازگەی شەدادی لە گوندەوارەکانی حەسەکە و دواتر گەیەندراونەتە کێڵگەی نەوتی عەمر لە گوندەوارەکانی دێرەزوور.

پاڵاوگەکەی رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکە لەلایەن کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی بونیاد دادەنرێت و هەر ئەو کۆمپانیایە، پاڵاوگەیەکی دیکەش لە دێرەزوور بونیاد دەنێت.

سەرچاوەیەک لە رۆژئاوای کوردستانەوە رايگەیاند، پاڵاوگەکان بە ئاگاداریی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) بونیاد دەنرێن و هەسەدەش لە داهاتی پاڵاوگەکاندا پشکی دەبێت.













باسنيوز
Top