له‌به‌رده‌م بانكێكى هه‌ولێر ته‌قه له كه‌سێك كرا
ڕائید هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى هه‌ولێر به كه‌ناڵى (كوردستان 24)ى ڕاگه‌یاند: "كاتژمێر 11ى پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 24/12/2019، ڕووداوێكى ته‌قه‌كردن له (بانكى شیمال)ى هه‌ولێر ڕووى دا و كه‌سێك بریندار بوو، هێزه‌كانمان له‌گه‌ڵ برایانمان له هێزه‌كانى ئاسایش، ده‌ستبه‌جێ گه‌یشتنه شوێنى ڕووداوه‌كه".
گوتیشى: "له لیكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كانى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌ركه‌وتووه، حاڵه‌تى ته‌قه‌كردنه‌كه تایبه‌تیی كه‌سى بووه و بۆ بانكه‌كه نه‌بووه، هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وت كێشه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌نێوان ئه‌و كه‌سه‌ى بریندار بووه و تهقهكهرهكهدا هه‌بووه".
گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى هه‌ولێر جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه، ته‌قه‌كه‌ره‌كان مه‌به‌ستیان ئه‌و كه‌سه بووه كه ته‌قه‌یان لێى كردووه و برینداریان كردووه و هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر خودى بانكه‌كه نه‌بووه، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستیان ته‌قه‌كردن له بانك نه‌بووه.
ڕائید هۆگر عه‌زیز ئه‌وه‌شى خسته ڕوو، كه ئێستا له لێكۆڵهنهوهكان به‌رده‌وامن و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، ڕوونكردنه‌وه‌ى زیاتریان له‌باره‌ى ڕووداوه‌كه‌وه ده‌بێت.
باسنيوز
