هێمن هەورامی: پەرلەمانتار هەیە لە ١٠ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەشدار نەبووە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان لە بەشێک لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا بەشداری ناکەن.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی ١٢ی ٢٠١٩، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی دەکرد، رای گەیاند، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پەرلەمان کردووە، لیستێکی ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکان ئامادە بکات.
ڕوونیشی کردەوە کە پەرلەمانتار هەیە لە کۆی ٢٦ دانیشتنی پەرلەمان، لە ١٠ دانیشتندا ئامادە نەبووە و هەیە لە ٧ دانیشتن ئامادە نەبووە، لە کاتێکدا پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێوشوێنی لە بارەی حاڵەتی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران دیاری کردووە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە تەواوی ١١١ ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان، تەنیا ٢٠ پەرلەمانتار لە تەواوی کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا بەشدار بوون و تەنیا ٤ پەرلەمانتاریش لە هەموو کۆبوونەوەکانی لێژنەکان و هەموو کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ئامادەبوون.
باسنيوز
باسنيوز
