دیندار زێباری: پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لەناو دەسەڵاتدا ڕۆڵیان پێ دراوە
لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: ئێمە پێشوازی لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی ناوبراو دەکەین بۆ ساڵی 2019 سەبارەت بە رەوشی پێکهاتە ئایینییەکان، ساڵانە کۆمیسیۆنی ناوبراو راپۆرتی خۆی بڵاو دەکاتەوە، ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سەرنج و تێبینییەکانیان دەکەین تاکوو زانیاریی تەواویان لەسەر رەوشی ئەم پێکهاتانە هەبێت، و روونکردنەوەکانی خۆمان بە پشتبەستن بە راستییەکان و داتا و زانیاری پێشکەش بە کۆمیسیۆنی ناوبراو دەکەین.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی راپۆرتەکە زیاتر گوتی: دوای ئەوەی بە چەند راپۆرتێک لە ساڵانی رابردوودا وەڵامی کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکان دایەوە و واقیعی ژیانی رۆڵەکانی پێکهاتەکانمان روون کردەوە، کۆمیسۆنەکە لە راپۆرتی ساڵی 2019یان ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت لەخۆگرتنی پێڕەوانی گشت ئایین و نەتەوە و مەزهەبەکان بەبێ جیاوازی و حەواندنەوەیان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان دوای هێرشی تیرۆریستان داعش، ئاماژە بەوەش دەکات ڕۆڵەکانی پێکهاتە ئایینییەکان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە جیاواز لە دەسەڵات و وڵاتانی تر حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری بە پێکهاتەکان داوە لە گشت بوارەکانی ژیان تەنانەت لە دەسەڵاتی بڕیاردانیش رۆڵی خۆیان پێدراوە و لە پەرلەمان و حکومەتدا بەشدارییەکی کارایان هەیە.
لە راپۆرتی ساڵانەیدا کۆمیسیۆنەکە، حکوومەتی هەرێم هان دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان لە هەرێم بۆ ئەوەی گیانی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان پتەوتر بێت، لەم رووەوە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: سەبارەت بە کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان، ریشەی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و ئەو سیاسەتە شۆڤینیەی کە پەیڕەوی دەکرد بۆ تێکدانی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، سەرەڕای ئەمەش دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستییان ناوە. لەلایەکی ترەوە حکوومەت قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانەی کردووە کە زەوییەکانیان لەدەست داوە لە موسڵمان و کریستیان، بەشێک لەو زەوییانە بۆ خزمەتگوزاریی گشتی سوودی لێ وەرگیراوە و بە باشتربوونی دۆخی دارایی و ئابووری هەوڵ دەدرێت ئەوانەی کە ماون قەرەبوو بکرێنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بوونی رۆڵی پێکهاتەکان لە هێزە ئەمنییەکان گوتی: حکوومەتی هەرێم بە یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای (پاراستنی مافی پێکهاتەکان) گشت مافی پێکهاتەکانی دیاریکردووە، لە بواری پەروەردە و کەلتوورییەوە مافەکانیان دابین کراوە لە رووی خوێندن و بڵاو کراوە بە زمانی تایبەتی خۆیان، هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکوو هێزێکی نیزامی کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەکرێت رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پاراستنی سنوورەکانی هەرێم و هەوڵی داوە گشت هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بکاتەوە هەر لەم چوارچێوەیەدا و لە ساڵی 2014 پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش بە فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێم کوردستان، هێزی فەرمی تایبەتی بۆ کریستیان و ئێزدییەکان دامەزراوە کە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.
باسنيوز
