مانگرتنی مامۆستایانی ئێران دەستی پێکردەوە
بەپێی زانیاریی میدیاکان و ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 2019.12.23 لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی "فارس، بووشێهر، خوراسانی ڕەزەوی" مامۆستایان دەستیان داوەتە ناڕەزایی و مانیان گرتووە و لە چوونە سەر پۆلەکانی خوێندن خۆیان بواردووە.
شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک پشتگیرییان لە گردبوونەوەی ناڕەزایی مامۆستایانی خانەنشین کردبوو کە ئەمڕۆ لە تاران کۆ بوونەتەوە.
لە بەشێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، مامۆستایانی هەموو قوتابخانەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە وانەی دووەمدا لەناو ژووری بەڕێوەبەری خوێندنگەکان مان دەگرن و ناچنە سەر پۆل.
هاوکات بەپێی زانیارییەکان هەر ئەمڕۆ دووشەممە بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی خانەنشینی ئێران، لەبەردەم پەرلەمانی ئێران کۆ بوونەتەوە کە هاوکاتە لەگەڵ مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانەکان.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا توێژی مامۆستایانی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە پێنج جار دەستیان داوەتە ناڕەزایی و مانگرتن و هۆکاری ئەو مانگرتن و ناڕەزاییانەش خراپیی دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و سیاسەت و پلانی کەرتی تایبەت و دژایەتیی سیاسەتی سەرکوت و خراپیی سیستەمی پەروەردەیە کە خودی مامۆستایانیش لێی ڕازی نین.
باسنيوز
