وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە پەرلەمان

 وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە پەرلەمان
وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتەکەی، دەچنە پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٩، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، بچنە پەرلەمانی کوردستان.

سەردانەکەیان بە مەبەستی بەشداریکردنە لە کۆبوونەوەیەکی لێژنەی دارایی پەرلەمان کە چاوەڕوان دەکرێت تێیدا، ڕاپۆرتی لێژنەکە لە بارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی ئامادە بکرێت.

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە کۆی دەنگ، پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی پەسەند کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی کرد، دواتریش لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە کرا و سیفەتی بەپەلەشی پێ درا.




باسنيوز
Top