وەزیرێکی ئیمارات بەهۆی لیبیاوە هێرش دەکاتە سەر تورکیا
ئەنوەر قرقاش، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە لە حکوومەتی ئیمارات لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، هەندێک سیاسەتمەدار، کە دەیانەوێ هەژموونی خۆیان لەسەر حیسابی عەرەب فراوان بکەن، لێدوانی تونوتیژانە دەدەن.
ئەنوەر قرقاش هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو سیاسەتمەدار و دەوڵەتانە هێشتا خەو بەگەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆریەت دەبینن و بەردەوام هەڕەشە دەکەن، بەڵام ”هەڕەشەکانیان بە تەواوی رەت دەکەینەوە“.
ئەو لێدوانەی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئیمارات دوای لێکنزیکبوونەوەی تورکیا و حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دێت، کە هەردوو حکوومەت لەلایەن ئیخوان موسلیمینەوە پێک هێنراون.
تورکیا بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەدات و تورکیاش ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بە پاڵپشتیکردنی سوپای نیشتمانیی لیبیا لە دژی حکوومەتی ویفاق، تۆمەتبار دەکات.
باسنيوز
