چالاکوانێکی دیکەی خۆپیشاندانەکان تیرۆر کرا

چالاکوانێکی دیکەی خۆپیشاندانەکان تیرۆر کرا
ژمارەیەک چەکداری نەناسراو چالاکوان و سەرپەرشتیارێکی دیکەی خۆپیشاندانەکانی عێراق تیرۆر دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22-12-2019، حوسێن نەعیم عەبدولموحسین بەهادلی، چالاکوان و بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی شارەدێی کەحلا لە پارێزگای میسان، کوژرا.

چەکدارەکان چوار گوللەیان لە پشتی حوسێن نەعیم عەبدولموحسین بەهادلی داوە، کە بەهۆیەوە پێش ئەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.

بە تیرۆرکردنی ئەو چالاکوانە، ژمارەی تیرۆرکراوەکان گەیشتە 27 چالاکوان و سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکان.

پێشتر کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندبوو، تا ئێستا 26 چالاکوان و سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکان لە شارە جیاوازەکانی عێراق، تیرۆر کراون.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.












باسنيوز
Top