شەڕی هۆزەكان لە دیالە بووەتە هۆی کۆچی بەلێشاوی خەڵک

شەڕی هۆزەكان لە دیالە بووەتە هۆی کۆچی بەلێشاوی خەڵک
درێژەی شەڕی نێوان هۆزەكان لە پارێزگای دیالە، بووەتە هۆی شەپۆلی كۆچی بەلێشاوی خێزانەكان لەو ناوچەیە.

عەقید نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، رايگەیاند: "شەڕی هۆزەكان لە چەند ناوچەیەكی سنووری دیالە، هێندە مەترسی دروست کردووە تەنیا لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 100 ماڵباتی دوور لەو هۆزانەی كە بەشێك نین لە ناكۆكییەكان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە."

گوتیشی: "لە شەڕ و ناكۆكیی نێوان هۆزەكاندا چەكی قورسی بەكار دەهێنرێت، بۆیە پۆلیسی و سوپا بوونەتە ناوبژیوان."

بە گوتەی زاهیر حەسەن، كە ئاوارەیەكی دەستی شەڕی هۆزەكانە، زۆرینەیان تەنیا بە جلوبەرگ و چەند بەتانی و کەلوپەلی سەرەتاییەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە.

ماوەی چەند رۆژێكە لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای دیالە و ناوچەی "شێخ باوە" شەڕی نێوان هۆز و خێزانە عەرەبەکان بووەتە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل كە بە هیچ شێوەیەک بەشێك نین لە ناكۆكییەكان و ئەمەش مەترسی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و دیاردەی کۆچ و ماڵوێرانیی دروست کردووە.












باسنيوز
Top