لاهوور جەنگی و حەشدی شەعبی لە بە قاچاغ فرۆشتنی نەوتی کەرکووک بەردەوامن

لاهوور جەنگی و حەشدی شەعبی لە بە قاچاغ فرۆشتنی نەوتی کەرکووک بەردەوامن
لاهوور جەنگی بە هاوکاریی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک بەردەوامە و بەرپرسێکی حزبیش بەردەوامیی فرۆشتنەکە دووپات دەکاتەوە. چاودێرێکی سیاسیش ئاشکرای دەکات کە بە داهاتی ئەو نەوتە، هەوڵی گەیشتن بە پۆستە باڵاکانی یەکێتی دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی ١٢ی ٢٠١٩، ره‌سووڵ ره‌وف، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکووکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رايگەیاند، ”خه‌ڵک نیگه‌رانه‌، ئه‌و رێککه‌وتنانه‌ی له‌سه‌ر که‌رکووک ده‌کرێن، بۆ نه‌وته‌، له‌سه‌ر ئاسایش یان لە بەرژەوەندیی مافی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ نه‌شکاوه‌ته‌وه‌، زیاتر به‌قازانجی فرۆشتنی نه‌وت بووه‌، ئه‌و رێککه‌وتنانه‌نه‌ش کراوه‌ بۆ به‌قاچاغ فرۆشتنی نه‌وتی که‌رکووک، هیچ قازانجی بۆ شاره‌که‌ نه‌بووە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”ئه‌و نه‌وته‌ی ئێستا به‌قاچاغ دەڕوات، له ‌رێگای حزبی باڵاده‌ستی کوردییەوە دەڕوات که‌ بۆ نه‌وته‌که‌ له‌گه‌ڵ هێزی سه‌ربازیی عێراق و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا رێک که‌وتوون، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی شاره‌که‌ رێکک ناکه‌ون، بۆیه‌ نه‌وتی که‌رکووک بۆته‌ داهات بۆ هه‌ندێک حزب“.

جەختیشی کردەوە کە نەوتی کەرکووک بەپێی ”ڕێککەوتنێک“ هەناردە دەکرێت، چونکە ”ئه‌گه‌ر رێککه‌وتن نه‌بێت، نه‌وتی که‌رکووک بۆ ئێران و شوێنه‌کانی دیکه‌ ناڕوات، به ‌تایبه‌ت بۆ ئێران“.

پێشتریش، ئەمیرە زەنگەنە، نوێنەرى كەركووك لە پەرلەمانى عێراق، بە هەفتەنامه ى رايگەیاندبوو، "دزینی نەوتى كەركووك درێژەى هەیە و تانكەرەكانى نەوت، تانكەرەكانیان لە كەیوان و لە كێلگەكانى دیكەوە نەوت پڕ دەكەن و دەیبەن و دەیفرۆشن و ئەو نەوتەش بەرەو سلێمانى و ئێران دەبرێت“.

ئەوەشی ڕوون کردبووەوە کە رۆژانە هەزارەها تانكەر بەتاڵان دەبردرێن و ”هەموو زانیارییەكانم لەبەردەستە كە حەشدى شەعبی نەوتى كەركووك دەدزن و داگیركردنى كەركووكیش لەلایەن حەشدى شەعبییەوە بۆ ئەوەى سەرجەم جومگە سەرەكییەكانى دەسەڵاتیان بەدەست بێت، بۆ ئەوە بووە کە دزینى نەوتى كەركووك ئاسان بێت و ئێستاش خۆیان كۆنتڕۆڵی دۆخەكەیان كردووە و بەئاسانى و بەبێ هیچ لێپرسینەوە و چاودێرییەك نەوتى كەركووك دەدزن و خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەریش كە كەركووكیان رادەستى حەشدى شەعبی كرد، ئەوان نەك هەر نەوتى كەركووك دەفرۆشن، بەڵكوو خاكی كەركووكیشیان فرۆشت".

دووپاتیشی کردووەتەوە کە ”نەوتى كەركووك دەبرێتە سلێمانى و لەوێشەوە بەرەو ئێران و هەروەها ئەوەش دەزانین كە بەشێك لە نەوتەكە لە دەوروبەرى سلێمانى دەفرۆشن و گرووپی 16ى ئۆكتۆبەریش هاوكار و هاوبەشن لە بردنى نەوتى كەركووك و میلیشیاكان بە تەنیا ئەو كارە ناكەن، گرووپی 16ى ئۆكتۆبەر ئەو كەسانەن كە دەرگاى كەركووكیان كردەوە بۆ حەشدى شەعبی، لەبەر ئەوەبوو كە بە ئارەزووى خۆیان نەوتى شارەكە بدزن و بەشێك لە داهاتەكەى بدرێت ​بەوان".

لەلایەن خۆیەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دکتۆر ناسیح عەفور، چاودێری سیاسی ڕايگەیاند: "خەڵکی کەرکووک باش دەزانن لاھوور جەنگی و گرووپێکی نێو یەکێتی چۆن دەستیان لەگەڵ حەشدی شەعبی و ئەوانە تێکەڵ کردووە کە ئێستا بەسەر شارەکەدا سەپێندراون“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لاهوور جەنگی دەستێکی باڵای لە فرۆشتنی نەوتی کەرکووکدا هەیە، چونکە ”لە سەروبەندی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕێککەوتنی لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدا کردووە“.

ئەم چاودێرە باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی کەرکووک، ئێستا لاهوور جەنگی خاوەنی پارەیەکی زۆرە، بۆیە ئێستا کە چەند ڕۆژێک ماوە بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، دەستی بە هەڵڕشتنی پارە و دەمانچە بۆ ئەندامانی کۆنگرە کردووە.

گوتیشی: ”لاهوور جەنگی ھەوڵ دەدات بۆ کۆنگرە، کاندیدی باڵ و ئاراستەکانی یەکێتی بکڕێت، تاوەکوو پێگەی خۆی بەھێز بکات، وەکوو چۆن لە کاتی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕۆڵی کارای ھەبوو تاوەکوو ٣٨ ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی واژۆی ڕێککەوتنی یەکێتی و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بکەن“.

ناسیح غەفوور پێیوایە، ئەگەر لاهوور جەنگی پارە و گرووپێکی چەکداری نەمێنێت، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەنێو یەکێتیدا نامێنێت و تەنانەت ناتوانێت بگاتە سەرکردایەتیی حزبەکەش.












باسنيوز
Top