کرماشان.. نۆ نووسەر و چالاکوانی کولتووریی کورد دەستگیر کران
لەمبارەوە ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئاکۆ جەلیلیان، نووسەر و توێژەری کورد لە گەڕەکی (کەیانشەهر)ی کرماشان و دەستگیریان کردووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی لەبەردەست نییە.
بەپێی هەمان سەرچاوە لە درێژەی ئەو ڕەوتە لە دەستگیرکردنی نووسەران و چالاکوانانی کولتووری لە پارێزگای کرماشان، دوێنێ چوارشەممە "فواد موزەفەری و فەرزاد سەفەرە" شاعیر و چالاکی فەرهەنگی لە کرماشان دەستگیر کراون.
هاوکات ڕۆژی سێشەممەش ئانیسا جەعفەری میهر، سوهراب و داریووش مورادی و محەمەد بەساتی، چوار چالاکوانی فەرهەنگیی دیکەی کرماشان لە شائاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
هاوکات هومایوون عەباسی، خەڵکی شائابادی کرماشان کە سەرنووسەری گۆڤاری "ژیلوان" بووە، لە تاران دەستگیر کراوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنەی چالاکوانانی فەرهەنگیی کرماشان، لەلایەن "ئیتلاعاتی سوپای نەبی ئەکرەم"ە و سەردانی ماڵی چەند چالاکوانی دیکەشیان کردووە، بەڵام لە ماڵ نەبوون.
هەتا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانەی دیار نییە و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان هیچ زانیارییەک لەبەردەست نییە و ئەم شەپۆلە دوای خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی مانگی پێشوو لە ئێران و ڕۆژهەڵات هاتووەتە ئاراوە کە تێیدا تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٤٠ کەس کوژران.
پێشتریش دوو ژن و کچە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیکەی کورد بەناوەکانی موژگان کاووسی و فریشتە چراغی لە کەلاردەشت و سەرپێڵزەهاو دەستگیر کران، بەڵام پاش چەند ڕۆژ فریشتە چراغی ئازاد کرا و موژگان کاووسی لە ئیتلاعاتی کەرلاردەشتەوە گوێزرایەوە بۆ شاری نەوشەهر.
باسنيوز
