ژنان لەدژی فەتوایەک لەبەردەم پەرلەمان گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێک خست

ژنان لەدژی فەتوایەک لەبەردەم پەرلەمان گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێک خست
ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەک چالاکوانی ژنان و رێکخراوەکان، لەدژی فەتوایەکی لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان گردبوونەوەیەکی ناڕەزییان ڕێک خست.

لەو گردبوونەوەیەدا چالاکوانانی مافەکانی ژنان و ڕێکخراوەکان یاداشتێکیان دایە پەرلەمانی کوردستان و داوای ھەڵوەشاندنەوەی فەتواکە دەکەن.

دوای ئەوەی لیژنەی باڵای فەتوای سەر بە یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان و چەند مامۆستایەک فەتوایەکیان دەرکرد کە تێیدا داوای ڕێگری لە ژنان دەکات بەتەنیا سواری تەکسی ببن، ئەمەش لە ئاستی کۆمەڵگە و بیروڕای گشتی و بەتایبەت لەلایەن چالاکوانانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کوردستان کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە.

لە گردبوونەوە ناڕەزاییەکەی ئەمڕۆ لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان، وێڕای چالاکوانانی ژنان و داکۆکیکارانی مافەکانی ئافرەتان هاوکات، کۆمەڵێکی بەرچاو لە شۆفێر تەکسییەکانی هەولێریش دژ بەو بڕیارە بەشدارییان کردبوو و هەموان پێکەوە بە نووسینی دروشم و بەرزکردنەوەی لافیتە داوایان کردووە پەرلامنی کوردستان هەوڵەکانی بخاتە گەڕ ئەو فەتوایە هەڵبوەشێتەوە، چونکە سووکایەتییە بە ڕەگەزی ژنان و هاوکات سووکایەتیشە بە شۆفێر تەکسییەکانی کوردستانیش و نامتمانەیی ساز دەکات.

لەمبارەوە بەهار عەلی، یەکێک لە ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی ڕاگەیاند: "ئامانجی سەرەکیمان لە ڕێپێوان و گردبوونەوە ناڕەزییە ئەوە کە دبە پەرلامی کوردستان بڵێین دەبێ ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر و هەڵوێستیان هەبێت، هاوکات داوا لە حکوومەت دەکەین دژی ئەو جۆرە فەتوایانە بوەستنەوە کە دەڵێت "نابێ ژن بەتەنیا سواری تەکسی ببێت" ئەم ئەقڵیەتە درێژەپێدانی ئەو هەڵمەتەیە کە دژی پێشکەوتنەکانی ژنان لە کوردستان دەکرێن و ڕای دەگەیەنین هەموو ئەو هەوڵانە ئێمە بۆ دواوە ناگەڕێننەوە دواوە و ئەو فەتوایەش کە لیژنەی فەتوا دەریکردووە، پێچەوانەی هەموو یاساوڕیساکانی کوردستانە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "کۆمەڵێک یاسا و پڕەنسیپی سەردەمیانە لە هەرێمی کوردستان هەن کە جەخت لەسەر پێشکەوتنەکانی ژنان لە کوردستان دەکەنەوە کەلە کارنامە و بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتیشدا ڕەنگی داوەتەوە و ڕاشکاوانە دەڵێت دژ بە هەرچەشنە هەوڵێکی جیاکاری دژ بە ژنان ڕەت دەکەینەوە دەبێ ژنان هەموو هەلێکیان بۆ بڕەخسێ هەتا بەشدارێکی چالاک و ئەم فەتوایە دژی ئەو هەوڵانەیە، بۆیە داواکارییەکەمان لە پەرلەمان ئەوەیە زەخت لە حکوومەت بکەن، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بە لیژنەی فەتوا بگیرێتە بەر، چونکە لە کوردستان دەوڵەتی یاسا هەیە و دەبێ یاسا سەروەر بێت و سیستەمێکی دیموکراسین و پێویستمان بە لیژنەی فەتوا نییە".











Top