سەربەخۆخوازان لە کەرکووک و لە کەتەلۆنیاش رووبەڕووی لێدان و دەستگیرکردن دەبنەوە

 سەربەخۆخوازان لە کەرکووک و لە کەتەلۆنیاش رووبەڕووی لێدان و دەستگیرکردن دەبنەوە
پێداگریی سەربەخۆخوازان هەرێمی کوردستان لە عێراق و هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا لەسەر خواستەکانیان بەردەوامن و بەم هۆیەشەوە لە کەرکووک و لە کەتەلۆنیاش ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و لێدان بوونەتەوە.

شەوی چوارشەممە 18-12-2019 و دوای تەواوبوونی یاریی نێوان هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ریال مەدرید، کە لە یاریگای کامپ نو لە بەرشلۆنە ئەنجام درا، پۆلیس رووبەڕووی هاندەرانی یانە میواندارەکە بووەوە.

پۆلیسی فیدراڵیی ئیسپانیا توندوتیژی دژی هاندەرانی بەرشلۆنە، کە هەموویان سەربەخۆ خوازن و دەیانەوێ هەرێمی کەتەلۆنیا سەربەخۆیی لە ئیسپانیا وەربگرێت، بەکار هێنا و بەهۆیەوە 46 سەربەخۆخوازی کەتەلۆنیا بریندار بوون و 50ـی دیکەش دەستگیر کران.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری کەرکووک، رۆژی 17-12-2019، هێزە ئەمنییە عێراقییەکان دوو گەنجی کوردی سەربەخۆخوازیان بە تۆمەتی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دەستگیر کرد.

بەپێی دەستووری عێراق، ئاڵای کوردستان، ئاڵای فەرمیی هەرێمی کوردستان و دان پێدانراوە، بەڵام حکوومەت و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە چوارچێوەی ئەم دۆخە نائاساییەی لە کەرکووک لە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 خولقاندوویانە، بەردەوام دژایەتیی ئەو ئاڵایە و هەموو مافەکانی گەلی کوردستان دەکەن.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، میلیشیا و هێزە عێراقییەکان شاری کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان داگیر کرد.




باسنيوز
Top