لە کەرکووک رێگەنەدرا ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکان هەڵبکرێت

لە کەرکووک رێگەنەدرا ئاڵای کوردستان لەسەر قوتابخانەکان هەڵبکرێت
لە زۆربەی قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک مەراسیمی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام رێگەنەدرا وەک ساڵانی رابردوو ئاڵا لەسەر هەموو قوتابخانە کوردییەکان هەڵبکرێت. لە زانکۆی کەرکووکیش رێگری لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کرا.

پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی راگەیاند "ناتوانرێت ئەم بۆنانەمان لێ قەدەخەبکرێت. ئینجا ئەم هێزانەی لە کەرکووکن، هیچیان خەڵکی کەرکووک نین و شارەزاییان بە بۆنەی پێکهاتەکان نییە".

لە زانکۆی کەرکووک رێگری لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کرا، تاوەکو تەواوبوونی کاتی دەوامیش دەوروبەری زانکۆ بە هێزی سەربازی تەنرابوو بۆئەوەی رێگری لەو یادە بکرێت.

ئەحمەد سەمەد، خوێندکاری زانکۆی کەرکووک دەڵێت " کۆمەڵێک هێزی ئەمنی و ئەو هێزانەی لە کەرکووکن، هاتبوونە ئێرە و رێگریانکرد و نەیانهێشت ئێمە ئاڵای کوردستان بەرزبکەینەوە".

هەرێم نەسرەدین، خوێندکاری زانکۆی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات "لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە ئێمە ناتوانین ئەم یادە بەرز رابگرین، بەڵام ئێمە وەک نیشانەی ئاشتی و پێکەوەژیان گوڵێکمان بەسەر هەموواندا دابەشکرد کە لە رەنگەکانی ئاڵای کوردستان پێکدێت".

لە رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان جموجۆڵی هێزەکان لە کەرکووک نائاسایی بوو. لە زۆربەی شوێنەکان بازگەیان دانابوو.

لە کەرکووک جگە لە ئاڵای کوردستان، تەواوی ئاڵا مەزهەبی و نەتەوەییەکانی دیکە هەن. ئاڵای کوردستان نەک تەنیا لە شەقامەکان، بەڵکو زۆربەی حزبەکانیش ئاڵایان پێلابراوە.

لایەنە کوردییەکان ئەم بڕیارەی هێزە چەکدارەکانی کەرکووک بە پێشێلکاریی دەستوور دەزانن کە رێگری لە ئاڵایەک دەکەن لە دەستووری هەمیشەییدا رێگە بەهەڵکردنی دراوە.

عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانیی کوردستانی راگەیاند "دوای ئەوەی قەوارەکەمان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد. نە هیچ رێگرییەکمان لێکرا و نەگرفتیان دروستکرد. کەرکووک بەو پێیەی هەستیاریی تێدایە، ئەو دۆخە روویداوە، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە ئاڵای کوردستان قەدەخەبکرێت".

رۆژی 14ی ئازاری ساڵی2017 پارێزگاری کەرکووک بە نوسراوێک داوای بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانی کرد. رۆژی 27ی هەمان مانگ ئەنجومەنی پارێزگا داواکارییەکەی بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرد. لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە گوشاری هێز ئاڵای کوردستان لە فەرمانگەکان هێنرایە خوارەوە.
Top