باڵوێزى كه‌نه‌دا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی له‌ سەرکردایەتیکردنی شەڕی تێکشکاندنی داعشدا بەرز ده‌نرخێنێت

باڵوێزى كه‌نه‌دا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی له‌ سەرکردایەتیکردنی شەڕی تێکشکاندنی داعشدا بەرز ده‌نرخێنێت
سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلریک شانون، باڵوێزی نوێی کەنەدا لە عێراق و ئاشلی دۆریک، بەرپرسی نووسینگەی باڵوێزخانەی کەنەدا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17/12/2019 له‌ سه‌لاحه‌ددین به‌ڕێوه‌ چوو، باڵوێزی کەنەدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتن و سەقامگیریی کوردستان نیشان دا و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی و سەرکردایەتیکردنی شەڕی تێکشکاندنی داعشدا بەرز نرخاند.

ئۆلریک شانون پەیوەندییەکانی وڵاکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ لەقەڵەم دا و جەختیشی کردەوە کە ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی کەنەدا لە شەڕی داعشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیبووە بەردەوام دەبێت و چاویان لەوەیە لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن.

سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە باڵوێزى کەنەدا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتیوانیی خۆیشی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان دەربڕی.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.













باسنيوز
Top