داخستنی گەراجێکی پاس لە هەولێر نیگەرانی شۆفێران و خەڵکی لێدەکەوێتەوە
عەبدولسەمەد سمایل، شۆفێری پاسە و دەڵێت، ئاگایان لە هیچ نەبووە و بەیانییەک کە چوونەتە سەر کار بینیویانە دەرگای گەراجەکە داخراوە. شۆفێرێکی دیکەی پاس بەناوی نەریمان ئەحمەد گوتی، گەراجیان بۆ دابینکراوە، بەڵام گەراجەکە جێگای ئۆتۆمبێلی بچووکە و بۆ ئەوان ناگونجێت.
بڕیارەکە نیگەرانیی لای قوتابیانیش دروستکردووە، چونکە رێگەی ماڵیان بەرەو قوتابخانە و زانکۆ بەو پاسانە ئاسانبووە و ئێستا خەمی هاتووچۆش بووەتە خەمێکی دیکەیان.
خەبیر وەلید و ئاکام عومەر، قوتابی زانکۆن و دەڵێن، پێشتر بە ئاسانی بە پاسەکان هاتووچۆیان دەکرد و ئێستا ئەوە نەماوە.
قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر دڵنیایی دەدەن کە هەموو ئاسانکارییەک دەکرێت بۆ راگرتنی پاسەکان و هاتووچۆی خەڵک تاوەکو دابینکردنی شوێنێکی دیکە و رایدەگەیێنێت، هەوڵدەدەن هیچ کێشەک لە هاتووچۆدا دروستنەبێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، زەوی گەراجەکە کێشەی لەسەربووە لەنێوان خاوەنەکەی و لایەنێکی دیکەدا، گەراجەکەش بە بڕیاری دادگا داخراوە و شوێنێکی دیکە بە شێوەیەکی کاتی بۆ پاسەکان دابینکراوە کە نزیکەی 100 مەتر دوورە لە شوێنی ئێستایەوە.
گەراجی پاسەکانی بازاڕی داون تاونی هەولێر وێستگەیەکی گرنگی هاتووچۆی خەڵکە کە نزیکەی 600 پاس رۆژانە هاونیشتمانیان بۆ 19 گەڕەکی هەولێر و دەوروبەری دەگوازنەوە.
