سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق وەڵامێكی ناخۆشی سەركۆماری عێراق دەداتەوە
ئەم ئێوارەیە میدیاكانی عێراق وەڵامی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراقیان بۆ نامەكەی دوێنێی بەرهەم ساڵح بڵاوكردەوە و بە وەڵامێكی ناخۆش و سەرسامكەر وەسفیان كردووە، بە تایبەتی كە بۆ سەركۆماریان نووسیوە "پێشتر پێمانڕاگەیاندووی كوتلە گەورەكە كامەیە".
وەڵامەكە بە ناوی حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڵاوكراوەتەوە و تێیدا بە بەرهەم ساڵح دەڵێ "پێشتر پێمانڕاگەیاندبووی كە كوتلە گەورەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران كامەیە، هەر لەسەر بنەمای ئەم پێڕاگەیاندنەشەوە ساڵی رابردوو عادل عەبدولمەهدییتان وەك كاندیدی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راسپارد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ئێستا".
ئەگەرچی پەرلەمانی عێراق هەمان ئەو پێكهاتەیەی هەیە كە ساڵی رابردوو هەیبووە و ئەوكات سەركۆمار هەمان پرسیاری لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە و ئەوانیش رۆژی دووی ئۆكتۆبەی ٢٠١٨ بە نووسراوی ژمارە م.ر ٢٥٣٥ وەڵامیان داوەتەوە.
جێی باسە ماوەی ئەو ١٥ رۆژەی دیاری كرابوو بۆ كاندیدكردنی كەسێك لەلایەن سەركۆمارەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتی لە تەواوبوون نزیك دەبێتەوە و تا ئێستە پێناچێت هیچ كاندیدێكی ئەوتۆ دیاری كرابێت.
باسنيوز
