راگەیاندنی ئەمنی دان بە کوژرانی ژمارەیەک سەرباز لە هێرشێکی داعشدا دەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە 16-12-2019، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، کە لەژێر سایەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کار دەکات و راستەوخۆ سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، بەیاننامەیەکی دەرکردووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە 15-12-2019، ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەر بە کەتیبەی تانکەکانی فیرقەی 5ـی سوپای عێراق لە نزیکک گوندی نەوفەل لە شارۆچکەی میقدادیە لە پارێزگای دیالە.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، چەکدارانی داعش لەو هێرشەیاندا، دوو سەربازی عێراقییان کوشتووە و سەربازێکی دیکەشیان بریندار کردووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەر لە هەمان رۆژ، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر هێزێکی سەر بە فەوجی دووی لیوای پیادەی 20ـەمی فیرقەی 5 لە ناوچەی ئەلنەدا لە قەزای بەلەدروز لە پارێزگای دیالە و بەهۆیەوە سێ سەرباز کوژران و ئەفسەرێک و سێ سەربازی دیکە بریندار بوون.
باسنيوز
