پەرلەمانتارێکی پارتی: مەرجمان بۆ ئەو کەسە هەیە کە دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق

 پەرلەمانتارێکی پارتی: مەرجمان بۆ ئەو کەسە هەیە کە دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق


ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەوان چەند مەرجێکیان بۆ ئەو کەسە هەیە کە لە جێگەی عادل عەبدولمەهدی، پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەردەگرێت.

شێروان دووپردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ناوی محەمەد شیاع سوودانی و چەند ناوێکی دیکەش دەهێندرێن، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا سەرکۆمار کەسێک ڕاسپێرێت و دواتریش بنێردرێتە پەرلەمان.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ڕاسپاردنی هەر کەسێک ئاسان نییە، چونکە خۆپیشاندەرانی عێراقی محەمەد شیاع سوودانی و چەندان کەسی دیکەیان ڕەت کردووەتەوە.

لە بارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد کە ئەوان هێڵی سووریان لەسەر هیچ کەسایەتییەک نییە بۆ سەرۆک وەزیران، ”ئەوەی گرنگە سێ مەرج جێبەجێ بکات، یەکەم کار کردن بە دەستوور و مافەکانی کوردستان ڕێز لێبگرێت، دووەم پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا، سێیەمیش ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق جێبەجێ بکات و کێشەی پێشمەرگە چارەسەر بکات“.

دووپاتیشی کردەوە، ”بەبێ ئەم مەرجانە، وەک پەرلەمانتارانی پارتی دەنگ بەو کەسە نادەین کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت“.



باسنيوز
Top