دادگای تاوانەكانی سلێمانی 13 بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بكوژانی شۆفێری تەكسییەكان دەردەكات

دادگای تاوانەكانی سلێمانی 13 بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بكوژانی شۆفێری تەكسییەكان دەردەكات
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت دادگای تاوانەكانی سلێمانی سێزدە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بكوژانی شۆفێری تەكسییەكانی نێوان كەركووك ـ سلێمانی دەركرد كە لەساڵی 2013 دا سێزدە شۆفێری تەكسییان ڕفاندووە و بە شێوەیەكی دڕندانە كوشتوویانن.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەکشەممە 15/12/2019 ، ڕای گەیاندووە "ڕۆژی 12/12/2019 لەلایەن دادگای تاوانەكانی سلێمانییەوە، 13 بڕیاری لەسێدارەدان بۆ هەردوو تاوانبار (ئەحمەد عەبدوڵا حەدید) و (تۆفیق سلێمان قەحتان) دەرچووە كە ئەندامی ئەو باندە تاوانكارییەن شۆفێری تاكسیی نێوان كەركووك ـ سلێمانییان ڕفاندووە و بە شێوەیەكی دڕندانە كوشتوویانن".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە "هەر لە ئەمساڵی 2019 دا لەلایەن دادگای تاوانەكانی سلێمانییەوە بڕیاری لەسێدارەدان بۆ 3 كەسی دیكە لەو باندە تاوانكارییە دەرچووە".

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕوونی كردووەتەوە "ئەندامانی باندەكە لە ماوەی چەند مانگێكی ساڵی 2013 دا سێزدە شۆفێری تەكسیی نێوان كەركووك ـ سلێمانییان ڕفاندووە و بە دڕندانەترین شێوە كوشتوویانن و دوای بەدواداچوونی هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی توانراوە ئەو باندە مەترسیدارە دەستگیر بكرێت و بدرێنە دادگا".













باسنيوز
Top