هاوسەرۆکی هەدەپە: مێزێکی ئاشتەوایی دادەنرێت و ئۆجەلانیش لەسەر ئەو مێزە دەبێت
لەمیانی کۆبوونەوەکانی سێیەم کۆنگرەی رێکخستنی پارتەکەی، سەزایی تەمەللی، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رەخنەی لە سیاسەتی تورکیا لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان گرت و گوتی "ئەم دەسەڵاتە ماوەی 17 ساڵە بە شێوەیەکی جێگیر بەردەوامە لە دووژمنکاری بەرامبەر کورد. چوار ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ئەم دەسەڵاتە گەمارۆی خستەسەر 10 شار، لە ئاکامدا سەتان کەس کوژران. هۆکارەکەی چی بوو؟ هۆکار ئەوە بوو کە ئەم دەسەڵاتە بۆ راکردن لە ئاشتی و دیموکراسی هێرشیکردە سەر کوردان".
تەمەللی لەبارەی پارتە تازەکەی ئەحمەد داودئۆغڵو و هەڵوێستیان لەبارەی پرسی کورد، بە ناڕاستەوخۆ گوتی "هەمووتان لەوێ بوون. هەمووتان بەیەکەوە دادگەیی دەکرێن".
هاوسەرۆکی هەدەپە لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان گوتی "لەڕاستیدا ئەمڕۆ تاکە خاڵی ئەرێنی لە سووریادا رۆژئاوایە. لەوێدا زەمینەیەک بۆ پێکەوەژیانی هەموو نەتەوەکان هەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە هەرکوێیەک خونچەیەکی پشکوتووی ژیان ببینێت، هێرشی دەکاتە سەر".
تەمەللی لەبارەی چەکدارانی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پشتیوانییان دەکات و لە هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوادا لە سەنگەرەکانی دژ بە شەڕڤانان شەڕیان پێدەکات، گوتی "دەسەڵات دەیەوێ چەتە دروستبکات. جا پێی بڵێن ئۆسۆ یاخود سوپای نیشتمانیی سووریا، ئەمانە چەتەن و تیرۆریستی کۆمەڵکوژن. بەڵام بەڕای دەسەڵات جگە لەم چەتانە هەموو ئەوانەی دیکە تیرۆریستن".
هاوسەرۆکی هەدەپە جەختیکردەوە کە ئەبوبەکر بەغدادی لە پێنج کیلۆمەتر ئەولاتری سنووری تورکیا نیشتەجێبوو، هەروەها سەرسامیی خۆی نیشاندا بەوەی بەرپرسانی تورکیا دەڵێن؛ هیچ هەواڵیان لەمە نەبووە.
رۆژی 9-10-2019 تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، هەرچەندە ناڕەزایی زۆری لەسەر ئاستی جیهان بەدواداهات، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رانەگرت، دواتر دوو رێککەوتن لەنێوان تورکیا، ئەمریکا و رووسیا واژۆکرا بۆ دامەزراندنی "ناوچەی ئارام" لە باکووری سووریا.
