لە دامەزراندنەکانی کەرکووک پشکی کورد لە عەرەب کەمترە
ناڕوونیی داهاتووی دەرچووان وایکردووە هەرکەسەی بە کارێکەوە سەرقاڵبێت بۆ ئەوەی ژیانی بەڕێبکات.
سەهەند غەفور، دەرچووی دانەمەزرێندراوە و لە شوشتنگەیەکی ئۆتۆمبێل کاردەکات، دەڵێت "کورد لەم شارە حوکمڕان بووە شتێکی بۆ دەرچووان نەکردووە، ئێستا کە عەرەب حوکمڕانە، من ئومێدم پێی نییە. من پێنج ساڵە زانکۆم تەواوکردووە و دانەمەزراوم. بۆ خۆم کارێک دەکەم باشترە لەوەی چاوەڕوانبم".
دامەزراندنی دوو هەزار و 800 مامۆستا و فەرمانبەر لە پەروەردەی کەرکووک راگەیێندرا. بەپێی زانیارییەکان لەو دامەزراندنەی راگەیێندراوە، پشکی عەرەب زیاتر 60% و کورد 25% و تورکمان 15%یە. تەنیا بۆ قەزای حەویجە 800 دامەزراندن دانراوە کە زیاتر لە ناوەندی کەرکووکی بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک هۆشداریی دایە بەغدا لە دەستوەردانی حەشدی شەعبی لە کاروبارەکانیان.
عەبد عەلی حسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک رایگەیاند "لەنێوان دوو بژاردەداین. هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی دیکە ئەگەری زۆرە ئەم پارێزگایە لە دوو هەزار و 800 پلەی دامەزراندن بێبەشببێت. جا ئەگەر حەشد هێرش دەکاتە سەرم، نازانم هۆکارێک نییە بۆئەوەی هێرشمان بکەنە سەر. ئەوان داوای پلەی دامەزراندن دەکەن. ئەوان ئەرکێکیان هەیە و ئێمەش ئەرکێکی دیکە".
بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد "ئێمە رێنمایی وەزارەت و ئەمیدارێتیی گشتی جێبەجێدەکەین. نابێت حەشد دەست لە کاروباری فەرمانگەکان و پەروەردە و دامەزراندن وەربدەن. ئەگەر نوسراوێک بکرێت لە ئەمیندارێتیی گشتی و ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڵێت لەحەشد بگەڕێن، دەڵێم بەڕێزانی حەشد وەرن لیژنە پێکبهێنن و ئێوە کاربکەن".
بڕیارە هەفتەی داهاتو ناوی دامەزرێندراوان بڵاوبکرێتەوە. کورد نیگەرانە لەو پڕۆسەیە و هاوشانی تورکمان رەخنەی لێگرتووە.
مەریوان نادر، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند "زۆرترین ئەو خاڵانەی لەنێو رێکارەکان هەیە بۆ دەرچووانی عەرەب بەرزکراونەتەوە لەبەرامبەر کورد و تورکمان تاوەکو زۆرترین دامەزراندنیان بەربکەوێت. داوامان لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە هەتا رۆڵی هەبێت لەو دامەزراندنە و چاودێریی بکات بۆئەوەی هاوسەنگی رابگیرێت و کورد و تورکمان بێبەشنەکرێن".
بۆ ئەم پرۆسەیە زیاتر لە 70 هەزار داواکاری پێشکەش بە پەروەردە کرابوون. داواکارییەکان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی وەرگیران، بەڵام گومان لەوە دەکرێت ئاسانکاریی زۆر بۆ عەرەب کرابێت لە دروستکردنی پشتگیریی وانەبێژی و کەسوکاری شەهیدان، بەڵام شەهیدانی کورد خاڵیان بۆ ئەژمارنەکرابێت.
سەرەڕای ئەوانەش، تایبەتمەندی بە هەندێک سنووری عەرەبنشین بەخشراوە، بۆیە چاوەڕێدەکرێت سکاڵا و ناڕەزایی زۆری لێبکەوێتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە بەغدا دامەزراندنەکە رەتبکاتەوە.
