لە هەولێر سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی خێزانە پێنج کەسییەکەی پیرڕه‌ش دەرکرا

لە هەولێر سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی خێزانە پێنج کەسییەکەی پیرڕه‌ش دەرکرا
لە یەکێک لە دادگای تاوانەکان لە شاری هەولێر، سزای لەسێدارەدان لە دژی بکوژی خێزانە کوردە پێنج کەسییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەرکرا.

برزۆ سەعید، پارێزەر رايگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی ١٢ی ٢٠١٩، لە دادگای تاوانەکانی هەولێر - ٤، فەرمانی لەسێدارەدان بۆ تاوانباری سەرەکیی دۆسیەی کوشتنی خێزانەکەی گوندی (پیرڕەش)ی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر دەرکراوە.

ڕوونیشی کردەوە، بڕیارەکە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ تەمیزکردنەوەی، ڕەوانەی دادگای تەمیزی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەگەر لەوێوە پەسەند بکرێت، بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکە.

ڕۆژی ٢ی ١٠ی ٢٠١٩، خێزانێکی پێنج کەسیی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، لە گوندی (پیرڕه‌ش) تەرمەکانیان دۆزرایەوە کە دایک و باوک و سێ منداڵی بچووک بوون، دواتر هێزەکانی ئاسایشی هەولێر تاوانباری ڕووداوەکەیان دەستگیر کرد کە ناوی (فەرەیدوون کەریم ڕەمەزان) بوو، دانی بە تاوانەکەیدا نا و ئاشکرای کرد کە لەسەر بڕێک پارە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی کوشتووە.












باسنيوز
Top