بەرپرسێکی سامانە سرووشتییەکان: ناتوانین غازی پێویست بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا دابینبکەین
ئەمڕۆ سێشەممە 10-12-2019 کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداربوو و هەندێک زانیاریی لەبارەی رەوشی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە خستەڕوو. ئاماژەی بەوە کرد کە سووتەمەنی و بوودجەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە تاوەکو کارەبای 24 کاژێری دابینبکەن.
خواستی بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاونیشتمانییانەوە بۆ پێنج هەزار و 500 بۆ شەش هەزار و 200 مێگاوات بەرزبووەتەوە، بەڵام ئێستا وەزارەتی کارەبا دەتوانێت سێ هەزار و 500 مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت.
وەزیری کارەبا لەدوای دانیشتنی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد "13 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبامان هەن ئەگەر بێتو سووتەمەنی یان بوودجەی پێویستیان بۆ دابینبکرێت، دەتوانن شەش هەزار 737 مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنن".
وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد "سەرەرای نەبوونی سووتەمەنی و بوودجەی پێویست کە هۆکاری کەمیی کارەبان، 13%ـی کارەبای بەرهەمهاتوویش بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بەفیڕۆدەچێت".
وەزارەتی کارەبا تاوەکو نیوەی یەکەمی مانگی رابردوو رۆژانە بە تێکڕا 21 کاژێر کارەبای دابیندەکرد، بەڵام دواتر بەهۆی وەرزی سەرما و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لەلایەن هاونیشتمانییانەوە، ئەو رێژەیە بۆ 11 کاژێری رۆژانە دابەزی.
کەمال محەممەد لەبارەی زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەباوە بە هاونیشتمانییان رایگەیاند "ئەگەر بمانەوێت بۆ 30 رۆژ هەزار مێگاوات کارەبا زیادبکەین، ئهوا تێچووە گشتییەکەی دهگاته 147 ملیۆن دۆلار و ئهو بوودجهیهش بهو قهباره گهورهیه ئاسان نییه".
بە گوتەی وەزیری کارەبا، پرسی کارەبا هەر تایبەت نییە بە وەزارەتی کارەباوە، بەڵکو چەند وەزارەتێکی دیکەی وەک وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و کشتوکاڵ پەیوەندییان بەو پرسەوە هەیە. بەرنامەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش ئەوەیە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 بۆ2021 غاز بۆ هەموو وێستگەکانی کارەبا دابینبکرێت.
لەبارەی سەرپێچیی هاوڵاتییانەوە لە کەرتی کارەبادا، کەمال محەممەد ئاماژەی بەوە کرد "کەرتی کارەبا یەکێکە لەو کەرتانەی زۆرترین رێژەی سەرپێچیی هاونیشتمانیانی تێدا تۆمارکراوە کە بەو هۆیەوە رێژەیەکی زۆری کارەبا بەهەدەردەدرێت. تاوەکو 02-01-2020 هەر هاوڵاتییەکی سەرپێچیکار سەردانی فەرمانگەکانی کارەبای نەکردبێت، دوای ئەو ماوەیە بە قورسی سزادەدرێت".
وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ کارکردنیان پێویستیان بە غازە و ئەو غازەش دەبێت وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان دابینیبکات. رێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە بەهەمانشێوە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا بەشداربوو، رایگەیاند "ئێستا ناتوانین غازی پێویست بۆ سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابینبکەین".
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵەدا هاونیشتمانییان بە رێژەیەکی زۆر ئامێرەکانی گەرمکردن بەکاردەهێنن کە بەوەش کێشەی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا روو لە هەرێمی کوردستان دەکات.
