وه‌زیرى شاره‌وانی چۆنیه‌تیی چارەسەركردنی كێشەی 8ی حەسارۆك ده‌خاته‌ ڕوو

وه‌زیرى شاره‌وانی چۆنیه‌تیی چارەسەركردنی كێشەی 8ی حەسارۆك ده‌خاته‌ ڕوو
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، كێشەی سەرەكیی گەڕەكی 8ی حەسارۆك لە شاری هەولێر، نەبوونی خزمەتگوزاری نییە و حكوومەت دەتوانێت پڕۆژەی خزمەتگوزاریی وەك: دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ و كارەبای بۆ ببات، بەڵكوو كێشەكە پەیوەندی بە نەبوونی پڕۆژەی ئاوە لەو سنوورە و لە ڕێگەی پڕۆژەی ئیفرازی چوارەوە ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10/12/2019، وه‌زاره‌تى شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، تێیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە كێشەی هەشتی حەسارۆك لە شاری هەولێر، كە بەردەوام هاووڵاتییان پرسیار لەبارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەو گەڕەكەوە دەكەن، ڕای گەیاندووه‌: "كەرتی هەشتی حەسارۆك، گرفتە سەرەكییەكەی نەبوونی خزمەتگوزاری نییە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت چەندین خزمەتگوزاریی وەك: دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ و كارەبای بۆ دابین بكا، یان لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە دەكرێت ئەم بابەتە جێبەجێ بكرێت".

ده‌شڵێت: "گرفتی سەرەكی لە كەرتی 8ى حەسارۆك نەبوونی پڕۆژەی ئاوە بۆ ئەو سنوورە، لەبەر ئەوەی كەرتی 8ی حەسارۆك لەگەڵ كەرتی هەولێری نوێ، ناوچەیەكی بەرزترە و مەنسوبی ئاوی ژێر زەوی تێیدا نزمە، شارەوانیش ناتوانێت زیاتر بیری ئاوی ژێر زەوی لێ بدات، ئەو كەرتەش زۆر فراوانە و 16 هەزار پارچەی زەویی نیشتەجێی هەیە، بۆیە ناتوانێت ئەو ژمارە زۆرەی بیری ئاوی ژێر زەوی لێ بدات، چونكە ئێستا لە هەولێر هه‌زار و 100 بیری ئاوی ژێر زەوی هەیە، بێجگە لەو بیرانەی بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان لێدراون، یەكێك لە پلانەكانی حكوومەت دەستگرتنە بە ئاو و سوودوەرگرتنی زیاترە لە ئاوی سەر زەوی".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، لەسەر ئەوەی حكوومەت پلانی هەیە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی چوار دەست پێ بكات و ئەم پڕۆژەیەش تایبەت دەبێت بە چارەسەكردنی كێشەی ئاو لەو سنوورە، كە كەرتی 8ى حەسارۆك و هەولێری نوێش دەگرێتەوە و تا ماوەیەكی درێژمەودا گرفتی كەمیی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات، بۆیە لەگەڵ دەستپێكردنی ئەم پڕۆژەیە، وێڕای ئەوەی خزمەتگوزارییەكانی دیكەی وەك شەقام و دروستكردنی ئاوەڕۆیان بۆ جێبەجێ دەكرێت، ئەوسا لەلایەن شارەوانییەكانەوە مۆڵەتیان پێ دەدەرێت بۆ ئەوەی خانوو لە سەر زەوییەكانیان دروست بكەن.

له‌باره‌ى وادەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئیفرازی چوار، ساسان عه‌ونى باسى له‌وه‌ كردووه‌: "بۆ ئەم پڕۆژەیە گرێبه‌ست كراوە و هەندێك گرفت ماوە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، بەڵام سەرۆكایەتیی حكوومەت هاتوونەتە ناو پرسەكە و هەوڵیان خستووه‌تە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بكەن".












باسنيوز
Top