هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەمەر و یارمەتی دیکەی سەربازیی پێشکەشی پێشمەرگە دەکات
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ راپۆرت و شرۆڤە" دەڵێت، زیاتر لە 100 هەمەری سەربازی و ژمارەیەک پارچەی کەرەستە سەربازییەکان و هاوەن و فیشەک و بێتەل دەدەنە هێزەکانی پێشمەرگە.
مایڵز کاگینز گوتیشی، جگە لەو یارمەتیدانەش، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئەو یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنە ماوەدرێژ دەبێت.
کاگینز تیشکی خستەسەر چاکسازییکردن لە وەزارەتی پێشمەرگەدا و گوتی، چاکسازییەکە 38 خاڵی سەرەکی لەخۆی دەگرێت و ئامانجیش لە هەنگاوەکە بریتییە لە هەبوونی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووی بەتوانا و گوتیشی، چاکسازییەکان لە ساڵی 2017 دەستیانپێکردووە و هەندێک کاری باشیش لەوبارەوە کراوە.
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە بەلایانەوە هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە زیادبکرێت بۆئەوەی گوشارەکان لەسەر رێکخراوی داعش زیاتربن.
سەبارەت بە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بەشێک لە هاوکارییە سەربازییەکانی هاوپەیمانیان گەیشتوون و بەشێکی دیکەش لە رێگەدان.
پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری لە تێکشکاندانی داعش هەبووە، لەبەرئەوە ئێستاش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و چەک و کەرەستەی دیکەی سەربازیی بۆ دەنێرێت.
