بەشێک لە دەروازەی قەیسەریی كۆنی كفری داڕما
عوبێد محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری شوێنەواری كفری، ڕایگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 8/12/2019 بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، بەشێكی زۆر لە دەروازەی بەغدادی قەیسەریی كۆنی كفری داڕووخاوە".
گوتیشی: "قەیسەرییەكە سێ دەروازەی هەیە، كە دەروازەكانی ڕۆژهەڵات و سلێمانی و بەغدادن، دەروازەكانی ڕۆژهەڵات و سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووخاون و تەنها دەروازەی بەغداد ماوەتەوە، ئەمڕۆ بەشێكی زۆری ئەو دەروازەیەش داڕووخا كە نزیكەی 6 دووكان بووە".
ئاماژەی بەوەش دا: "ئێستا دوو بەشی دەروازەی بەغدادی قەیسەرییەكە ماون و ئەوانیش بەهۆی باران بارینەوە مەترسیی ڕووخانیان زۆرە".
قەیسەریی كفری یەكێكە لە قەیسەرییە گەورە و گرنگەكانی باشووری كوردستان، مێژووەكەی بۆ سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە، ژمارەیەكی زۆر دووكانی هەبووە و جگەلە چەندین خان (خانی خەڵووز، خانی مەلا عەباس ناسراو بە خانی گەنم و خانی موحسین ئاغا) قەیسەرییەكە كۆمەڵێك یەكەی بیناسازیی ناوازە و جوانی بۆ كراوە وەك گومەزی و تاقی كەوانەیی جۆراوجۆر و دەروازەی فراوان و تونێلی، هەروەها سیستەمی خان و بینای دوو نهۆمی سەرنجڕاكێش و زۆرێكیتر".
باسنیوز
