ئاكەپە: پلانی دروستكردنی ناوچەی ئارام ئامادەیە و ناتۆش پشتگیریی كردین

 ئاكەپە: پلانی دروستكردنی ناوچەی ئارام ئامادەیە و ناتۆش پشتگیریی كردین


گوتەبێژی ئاكەپە لە پرێس کۆنفرانسکیدا ئاشكرای كرد، توركیا پلانی دروستكردنی ناوچەی ئارامی ئامادەیە و ئەو بابەتەش لە كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆدا باسی لێوە كراوە و ئەوانیش بە ئەرێنی لەو بابەتەیان ڕوانی.

عومەر چەلیك گوتەبێژی ئاكەپە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوەش دا: "فەڕەنسا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەزانن توركیا خاوەنی چ هێزێكە و، دەشزانن توركیا لە ناتۆ خاوەن لاپەڕەیەكی زۆر پاكە، بۆیە هەر رەخنە گرتنێك لە توركیا بنەمای نییە".

لەبارەی دروستكردنی ناوچەی ئارامەوە گوتی: "ئێمە ئەو بابەتەمان لە ناتۆ باس كرد، واتە سەرۆك كۆمار ئەو بابەتەی باس كردووە و ناتۆ بە ئەرێنی وەڵامی داوەتەوە، بۆیە پلانی دروستكردنی ناوچەی ئارام لای توركیا كۆتایی پێ هاتووە و لە مانگی 2ی2020 كۆبوونەوەیەكی تر لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ ئەنجام دەدەین و پاشان دەیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەم گوتانەی ئاکەپە لە کاتێکدان کەلە کۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی ناتۆدا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و تورکیا لە ناتۆ گرت و دژی هەڵوێستەکانی تورکیا و ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەی ئارام کە تورکیا مەبەستییە وەستایەوە و کۆبوونەوەی ناتۆی بەجێ هێشت.






باسنیوز
Top