دلاوەر ئاژگەیی: ئەوروپا "هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر دەکات
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لە بارەی کۆبونەوەکانی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، بەشداری کۆبونەوەی فەرمی پەرلەمانی ئەوروپا کردوە و لەگەڵ سەرۆکی نوێی لیژنەی کاروباری عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبوەتەوە.
داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان
ئاماژەی بەوەشکردوە، "جارێكی دیكەش جهختمان لەوە کردەوە، كە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان، بۆیە پێویستە یەکێتی ئەوروپا هاوکار و پاڵپشتێکی بەهێز بێت لە هاوپەیمانێتی دژی داعش و هەر گرووپێکی تری تیرۆرستی لە ناوچەکە کە لە ئێستادا خەریکی قۆستنەوەی هەلێکن تاکو دووبارە دەربکەونەوە".
ئاژگەیی باسی لەوەشکردوە، شاندی حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا داوایان لە پەرلەمانی ئەوروپا کرد چاودێری وردی گۆڕانکارییەکان بکات لە عێراق و ڕێگانەدات لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک و تاکەکەسێک ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی خەڵکی عێراق بخرێتە مەترسییەوە.
بەڵێنی هاریکاری و کارکردنی بەردەوام لەسەر ئەم پرسە ستراتیژیانە دوپاتدەکەنەوە
سارا سکیتەداڵ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، بەڵێنی هاریکاری و کارکردنی بەردەوام لەسەر ئەم پرسە ستراتیژیانە دوپاتدەکەنەوە، سوپاسی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا کرد بۆ سەردانەکەیان و خستەڕوی دوایین پێشهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها بۆ نیشاندانی خواستی کاری هاوبەش و هەماهەنگیکردن لەسەر پرسە هەستیار و گرنگەکان لە ناوچەکە.
کۆبونەوەیەک بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاری ئەوروپی و نوێنەری ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەچوە
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەوروپا لەسەر دۆخی ئێستای عێراق دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت، کۆبونەوەیەک بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاری ئەوروپی و نوێنەری ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و سدیق، ئەلرقابی، باڵوێزی عێراق تایبەت بە ڕەوشی ئێستای عێراق و ناوچەکە بەڕێوەچو.
رونیشیکردەوە، لەو کۆبونەوەیەدا پەرلەمانتاران چەندین پرسیاریان ئاڕاستەی باڵیۆزی عێراق کرد و ئاماژەیان بە ژمارەیەکی زۆری کوشتار و برینداربووان کرد لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، هاوکات ستایشی ڕۆڵی هەریمی کوردستانیان کرد لە بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەو لێقەوماوانی سوری و گرتنەخۆی ملیۆنەها ئاوارەو پەنابەری لە پێکهاتە و ناوچە جیاجیاکان.
خەندان
