مەسرور بارزانی بەبۆنەی ١٠٠ ڕۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم گوتارێک پێشکەش دەکات

 مەسرور بارزانی بەبۆنەی ١٠٠ ڕۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم گوتارێک پێشکەش دەکات
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ١٠٠ ڕۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، گوتارێک پێشکەش دەکات.



بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر ٨ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٧ی ١٢ی ٢٠١٩، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی سەد رۆژی کارکردن بە سەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی تەلەڤزیۆنی پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.



چاوەڕوان دەکرێت لە گوتارەکەیدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشک بخاتە سەر دەسکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سەد رۆژی کارکردنیدا.



ئەو تەوەرانەی سەرۆک وەزیران لە گوتارەکەیدا بە درێژی باسیان دەکات، بریتین لە پرۆسەی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی، رووبەڕووبوونەوە و سنوورداركردنی گەندەڵی، گەشەپێدانی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری، باشترکردنی پەیوەندی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا.



هاوکات لەگەڵ گوتارەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە راپۆرتێکی پڕ لە وردەکاری و زانیاریی تایبەت بە سەد رۆژی کارکردن لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاو بکرێتەوە.



رۆژی ٤ی ١٢ی ٢٠١٩، سەد رۆژ بەسەر کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕی.





باسنيوز
Top